زەکەریا 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەکەریا 6:1-15

چوار گالیسکە

1جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون. 2گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش، 3سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون. 4لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

5فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە. 6ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.»

7کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان.

8ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.»

تاجێک بۆ یەشوع

9پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: 10«زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا. 11زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ. 12پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت. 13ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت6‏:13 کاتێک پاشا دوو ڕۆڵ لە ئەستۆ دەگرێت، فەرمانڕەوایەتی و کاهینیێتی. پێشبینییەکە کە لە پەیمانی نوێ لە کەسایەتی مەسیحدا دێتە دی.‏.“ 14تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان. 15هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»