زەکەریا 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەکەریا 1:1-21

بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان

1لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:

2«یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. 3لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 4وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 5ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ 6بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟

«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»

پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان

7لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.

8لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان1‏:8 مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بەبریقە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێت‌لەحم و حەبرۆن هەیە. ئێستا لە ڕۆژهەڵات پێی دەگوترێت (ئاس).‏ ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.

9ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.»

10ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»

11ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»

12ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» 13یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

14ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم1‏:14 عیبری: زۆر ئیرەدارم. لێرەدا وشەی (ئیرەدار) واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات. بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. 15زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“

16«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

17«هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»

چوار قۆچ و چوار پیشەوەر

18پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. 19لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟»

ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»

20ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. 21پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»

ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»