دووەم پەترۆس 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پەترۆس 1:1-21

1لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.

2با لە ڕێگەی ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمانەوە، نیعمەت1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.

هەڵبژاردن و بانگەوازێک بۆ گەشەکردن

3هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. 4خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.

5هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، 6لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، 7لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، 8چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. 9بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.

10خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، 11هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان.

12لەبەر ئەوە بەردەوام دەمەوێ ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە دەیانزانن و لەو ڕاستییەی ئێستادا چەسپاون. 13باوەڕم وایە هەتا لەم جەستەیەدا بم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە، 14چونکە دەزانم بە زوویی ئەم جیهانە بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن عیسای مەسیحی پەروەردگارمان بۆی دەرخستم. 15هەروەها تێدەکۆشم تاکو دوای دەرچوونم هەردەم ئەم شتانەتان وەبیربێتەوە.1‏:15 مەبەستی ئەوەیە کە بەر لە کۆچکردنی نووسراو بەجێدەهێڵێت، هەروەها بەگوێرەی دەقەکان مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس بە سەرپەرشتی پەترۆس نووسراوە.‏

شایەتیی نەگۆڕی نێردراوان

16کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. 17ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»1‏:17 مەتا 17‏:5 و مەرقۆس 9‏:7 و لۆقا 9‏:35.‏ 18ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.

19هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. 20لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، 21چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.