دووەم پوختەی مێژوو 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 24:1-27

نۆژەنکردنەوەی پەرستگا

1یۆئاش کوڕێکی حەوت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی چیڤیا بوو کە خەڵکی بیری شابەع بوو. 2یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە ماوەی کاهینیێتی یەهۆیاداع. 3یەهۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و کوڕ و کچی بوو.

4دوای ماوەیەک یۆئاش بڕیاری دا کە پەرستگای یەزدان نۆژەن بکاتەوە. 5کاهینە لێڤییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچکەکانی یەهودا و لە هەموو ئیسرائیل ئەو زیوە کۆبکەنەوە کە ساڵانە بۆ چاککردنەوەی پەرستگای خوداتان دەدرێت. ئێوە لەم کارە بە پەلە بن.» بەڵام لێڤییەکان پەلەیان نەکرد.

6لەبەر ئەوە پاشا یەهۆیاداعی سەرۆکی کاهینی بانگکرد و پێی گوت: «بۆچی داوات لە لێڤییەکان نەکردووە هەتا لە یەهودا و ئۆرشەلیمەوە باجەکەی موسای بەندەی یەزدان و کۆمەڵی ئیسرائیل بۆ چادری پەیمان بهێنن؟»

7ئەوە بوو کوڕەکانی عەتەلیای خراپەکار پەرستگای خودایان تاڵان کردبوو، هەروەها هەموو شتە پیرۆزکراوەکانی پەرستگای یەزدانیان کردبووە هی بەعلەکان.

8پاشا فەرمانی دا و سندوقێکیان دروستکرد، لەلای دەروازەی پەرستگای یەزدان بۆ دەرەوە دایاننا. 9بەناو یەهودا و ئۆرشەلیمدا بانگەوازیان کرد کە باجەکەی موسای بەندەی خودا ئەوەی لە چۆڵەوانی لەسەر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یەزدانی بهێنن. 10هەموو سەرکردەکان و هەموو گەل بە خۆشی و شادمانییەوە باجەکانی خۆیان هێنا و خستیانە ناو سندوقەکە، هەتا پڕ بوو. 11کاتێک لێڤییەکان سندوقەکەیان دەهێنا بۆ لای کاربەدەستانی پاشا و ئەوانیش دەیانبینی زیوەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی24‏:11 ڕازپۆش.‏ پاشا و بریکاری سەرۆکی کاهینیش دەهاتن و سندوقەکەیان بەتاڵ دەکرد و دەیانبردەوە بۆ شوێنەکەی خۆی. بەردەوام بەو جۆرەیان دەکرد، تاکو زیوێکی زۆریان کۆکردەوە. 12پاشا و یەهۆیاداع دایانە ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، خزمەتکارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش نەقاڕ و دارتاش و ئاسنگەر و بڕۆنزگەریان بەکرێ دەگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی پەرستگای یەزدان.

13ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، کارەکەیان کرد و تێیدا سەرکەوتوو بوون. پەرستگای خودایان لەسەر شێوەی یەکەم جاری بنیاد نایەوە و تۆکمەیان کرد. 14کاتێک تەواو بوون، ئەوەی لە زیوەکە مابووەوە هێنایانە بەردەم پاشا و یەهۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد، قاپوقاچاغی خزمەتکردن و پێشکەشکردن و کەوچک و جامی زێڕین و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە زێڕ و زیو. بە درێژایی ژیانی یەهۆیاداع بەردەوام قوربانی سووتاندنیان لە پەرستگای یەزدان پێشکەش دەکرد.

15یەهۆیاداع پیر بوو و چووە ساڵەوە و لە تەمەنی سەد و سی ساڵیدا مرد. 16لە شاری داود لەگەڵ پاشاکان ناشتیان، چونکە لە ئیسرائیل چاکەی لەگەڵ خودا و پەرستگاکەی کرد.

بەدکاری یۆئاش

17پاش مردنی یەهۆیاداع پیاوە گەورەکانی یەهودا هاتن و کڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن. 18ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم. 19هەرچەندە یەزدان پێغەمبەری بۆ ناردن بۆ ئەوەی بۆ لای ئەویان بگێڕنەوە و شایەتییان لەسەر بدەن، بەڵام گوێیان نەگرت.

20ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“»

21بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد. 22یۆئاشی پاشا ئەو دڵسۆزییەی لەبیر چوو کە یەهۆیاداعی باوکی زەکەریا لەگەڵی کردی و کوڕەکەی ئەوی کوشت، ئەویش لەسەرەمەرگیدا گوتی: «با یەزدان ئەمە ببینێت و سزاتان بدات.»

23ئەوە بوو لە بەهاری ساڵ، سوپای ئارامییەکان هێرشیان کردە سەر یۆئاش، پەلاماری یەهودا و ئۆرشەلیمیان دا و هەموو ڕابەرەکانی گەلیان کوشت، ئیتر هەموو تاڵانی و دەستکەوتەکانیان بۆ پاشای دیمەشق نارد. 24هەرچەندە سوپای ئارامییەکان بە کۆمەڵێکی کەمەوە هاتبوون، بەڵام یەزدان بەسەر سوپایەکی گەورەتردا زاڵی کردن. لەبەر ئەوەی گەلی یەهودا وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سەبارەت بە یۆئاشیش دادوەریان بەجێگەیاند. 25کاتێک ئارامییەکان کشانەوە، ئەویان بە برینێکی سەختەوە بەجێهێشت. کاربەدەستەکانی پیلانیان لێی گێڕا لەبەر خوێنی کوڕەکانی یەهۆیاداعی کاهین، جا لەسەر قەرەوێڵەکەی لێیاندا و کوشتیان. لە شاری داود ناشتیان، بەڵام لە گۆڕستانی پاشاکان نەیانناشت.

26ئەو دوو کەسە بوون کە پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد24‏:26 زاڤاد شێوازێکە بۆ ناوی یۆزاڤاد.‏ کە کوڕی ژنێکی عەمۆنی بوو بە ناوی شیمەعات، یەهۆزاڤاد کە کوڕی ژنێکی مۆئابی بوو بە ناوی شیمریت. 27بەڵام سەرگوزەشتەی کوڕەکانی و زۆری پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەو و نۆژەنکرنەوەی پەرستگای خودا، وا لە لێکدانەوەی پەڕتووکی پاشایان نووسراونەتەوە. ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.