دواوتار 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 8:1-20

یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر مەکەن

1ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بژین و زۆر بن و ئەو خاکەی یەزدان سوێندی خواردووە بۆ باوباپیرانتان بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن. 2هەموو ئەو ڕێگایانەشتان لە یاد بێت، کە یەزدانی پەروەردگارتان لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە چۆڵەوانیدا ئێوەی پێدا برد هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، ئاخۆ فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن یان نا. 3جا بێفیزی کردن و برسی کردن و مەنی دەرخوارد دان، کە پێشتر نەتاندەزانی و باوباپیرانتیشتان نەیاندەزانی8‏:3 مەنی: ناوی ئەو نانەیە کە دیاری خودا بوو و وەک تۆوی گژنیژ سپی بوو و تامیشی وەک ناسکە نانی (ناوەشکێنە) بە هەنگوین بوو. بە زمانی عیبری مەن‏ واتا «ئەمە چییە؟» بڕوانە دەرچوون 16‏:14‏-31.‏ تاکو فێرتان بکات کە مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی یەزدانەوە دێتە دەرەوە. 4جلەکانتان بەبەرتانەوە کۆن نەبوون و پێتان نەئاوسا لەم چل ساڵەدا، 5جا لە دڵتانەوە بزانن وەک چۆن مرۆڤ کوڕەکەی تەمبێ دەکات، ئاوا یەزدانی پەروەردگارتان تەمبێی کردن.

6فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریشتان پەیڕەو بکەن هەتا ڕێگاکانی بگرنەبەر و لێی بترسن، 7چونکە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە خاکێکی باش، خاکێک کە جۆگەکان و گۆماوەکان و سەرچاوەی کانیاوەکان هەڵدەقوڵێنە نێو دۆڵ و چیاکان، 8خاکی گەنم و جۆ و مێو و هەنجیر و هەنار، خاکی زەیتی زەیتوون و هەنگوین. 9خاکێکە نانی کەمی تێدا ناخۆن و تێیدا پێویستیتان بە هیچ شتێک نابێت، خاکێک بەردەکانی ئاسنە و لە چیاکانی مس هەڵدەکۆڵن.

10جا کاتێک خواردتان و تێر بوون، ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن لەبەر ئەو خاکە باشەی پێیدان. 11ئاگاداربن نەوەک یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن و فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێنەهێنن، ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، 12نەوەک کاتێک خواردتان و تێر بوون و خانووی خۆشتان دروستکرد و نیشتەجێ بوون و 13مانگا و مەڕتان زیادی کرد و زێڕ و زیوتان بۆ زیاد بوو، هەموو ئەوەی هەتانە زیاد بوو، 14لووتتان بەرز بێت و یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بچێت کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان. 15ئەوەی بە چۆڵەوانی مەزن و ترسناکدا ئێوەی برد، شوێنی ماری ژەهراوی و دووپشک و خاکی تینووێتی و بێ ئاو، ئەوەی لە بەردەئەستێ ئاوی بۆ دەرهێنان. 16ئەوەی لە چۆڵەوانی مەنی دەرخوارد دان کە باوباپیرانتان نەیاندەزانی، هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چاکەتان لەگەڵدا بکات. 17هەروەها نەوەک لە دڵی خۆتاندا بڵێن، «هێزی خۆمان و توانای دەستمان ئەم سامانەی بۆ دروستکردین،» 18بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان لە یاد بێت، ئەو هێزتان دەداتێ بۆ سامان دروستکردن، هەتا ئەو پەیمانەی خۆی بەجێبگەیەنێت کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد وەک ئەمڕۆ.

19ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر کرد و بەدوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و پەرستتان و کڕنۆشتان بۆ بردن، ئەوا ئەمڕۆ شایەتیتان لەسەر دەدەم کە بێگومان لەناودەچن، 20وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەبەردەمتان لەناویان دەبات، ئێوەش لەناو دەبردرێن لەبەر ئەوەی ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.