ئامۆس 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئامۆس 1:1-15

1ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.

2گوتی:

«یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،

لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت،

لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و

لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»

حوکم بەسەردادانی وڵاتانی دەوروبەر

3یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،

4ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل،

قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.

5شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم،

فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم،

هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن.

گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

6یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و

بە ئەدۆمی فرۆشت،

7ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە،

قەڵاکانی دەخوات.

8فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و

گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان.

دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن،

پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

9یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و

پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،

10ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور،

قەڵاکانی دەخوات.»

11یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لەبەر ئەوەی ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت،

بەبێ دەربڕینی بەزەیی.

هەروەها لەبەر ئەوەی تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو،

قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،

12هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان،

قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»

13یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی،

بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،

14ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم

قەڵاکانی دەخوات،

بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا،

بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.

15پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت،

ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.