گەلاتیا 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

گەلاتیا 3:1-29

باوەڕ یان بەجێگەیاندنی شەریعەت؟

1ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا! 2تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟ 3ئایا هەتا ئەم ڕادەیە گێلن؟ ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟ 4ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟ 5ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟ 6وەک چۆن ئیبراهیم ﴿باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾3‏:6 پەیدابوون 15‏:6.‏

7جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن. 8نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: ﴿هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.﴾3‏:8 پەیدابوون 12‏:3‏؛ 18‏:18 و 22‏:18.‏ 9کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.

10هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.﴾3‏:10 دواوتار 27‏:26.‏ 11ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.3‏:11 بە واتای: ئەو کەسەی کە بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت و ڕاستودروست دەبێت، بەهۆی باوەڕەکەی دەژیێت.‏‏﴾3‏:11 حەبەقوق 2‏:4.‏ 12بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾3‏:12 لێڤییەکان 18‏:5.‏ 13مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.﴾3‏:13 دواوتار 21‏:23.‏ 14ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.

پەیمانی خودا و شەریعەت

15خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. 16هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام ﴿بە نەوەی تۆ،﴾3‏:16 پەیدابوون 12‏:7‏ (ئەم زەوییە دەدەمە نەوەی تۆ.)، کاتێک خودا بەڵێن بە ئیبراهیم دەدات.‏ واتا یەک، ئەوەی مەسیحە. 17مەبەستم ئەمەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت، 18چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.

مەبەستی شەریعەت

19کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێندراو3‏:19 مەبەست لە مەسیحە.‏ دێت، لە ڕێگەی فریشتەکانەوە بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک3‏:19 مەبەست لە موسایە.‏ ڕێکخرا. 20پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.

21ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ حاشا! چونکە ئەگەر شەریعەتێک هەبووایە بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەوا ڕاستودروستی بە شەریعەتی تەورات دەبوو. 22بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه،3‏:22 بۆ نموونە زەبوورەکان 14‏:3.‏ تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.

23پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.

ڕۆڵەکانی خودا

26هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، 27چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت3‏:27 لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏ و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. 28جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. 29جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.