Kurdi Sorani Standard

گەلاتیا 2:1-21

ڕازیبوون بە خزمەتی پۆڵس

1دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم و تیتۆسیشم لەگەڵ خۆم برد. 2گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو و ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، تەنها خستمە بەردەم گەورە پیاوانی کڵێسا، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. 3بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. 4ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا هەندێک برایانی درۆزن دزەیان کردبووە ناومان. هاتبوون بمانکەن بە کۆیلە لە ڕێگەی سیخوڕیکردن لەسەر ئەم ئازادییەی کە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح هەمانە. 5بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.

6بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. 7بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ ناجولەکەکان2‏:7 یۆنانی: خەتەنە نەکراوان.‏ بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، 8چونکە خودا بەهۆی پەترۆسەوە وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ ناجولەکەکان کاری دەکرد. 9کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشییان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. 10تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.

سەرزەنشتکردنی پەترۆس

11بەڵام کاتێک پەترۆس هاتە ئەنتاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر بوو، 12چونکە پێش ئەوەی کەسانێک لەلای یاقوبەوە بێن، ئەو لەگەڵ ناجولەکەکان نانی دەخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی ئەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت2‏:12 ڕێبازەکە دەڵێت کە بێ خەتەنەکردن مرۆڤ ڕزگاری نابێت.‏، خۆی کێشایەوە. 13جولەکەکانی دیکەش لەگەڵیدا دەستیان بە دووڕوویی کرد، تەنانەت بەرناباسیش بە دووڕووییان چەواشە بوو.

14کاتێک بینیم بەگوێرەی ڕێگای ڕاستی پەیامی ئینجیل ناڕۆن، لەبەرچاوی هەمووان بە پەترۆسم گوت: «ئەگەر تۆ جولەکەی، وەک ناجولەکە دەژیت نەک وەکو جولەکە، ئیتر چۆن ناجولەکەکان ناچار دەکەیت نەریتی جولەکەکان پەیڕەو بکەن؟

15«ئێمە بە جولەکەیی لەدایک بووین و لە نەتەوە گوناهبارەکان نین، 16دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.

17«بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەوڵدانمان بۆ بێتاوانبوون بە مەسیح، خۆمان دۆزییەوە کە گوناهبارین، ئیتر ئایا مەسیح خزمەتکاری گوناهە؟ بێگومان نەخێر! 18ئەگەر من شتێک بنیاد بنێمەوە کە لەپێشدا تێکمدابێت، ئەوا دەیسەلمێنم سەرپێچیکارم.

19«چونکە لە ڕێگەی شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم. 20من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من. 21من نیعمەتی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر بێتاوانبوون بە شەریعەت بووایە، ئەوا مردنی مەسیح بێ سوود دەبوو.»