بەرگری پۆڵس
1«برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» 2کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون.
ئەویش گوتی: 3«من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی22:3 یۆنانی: لەبەرپێی. گەمالائیل بە باشی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. 4شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، 5هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.
6«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. 7کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“
8«وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“
«پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ 9ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
10«گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“»
«مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەو شتانەت پێ دەگوترێت کە دەبێت بیکەیت.“ 11جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.
12«پیاوێک بە ناوی حەنانیا هات بۆ لام. ئەو کەسێکی لەخواترس و گوێڕایەڵی تەورات بوو، هەروەها هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. 13لەتەنیشتم وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.
14«ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە22:14 مەبەست لە مەسیحە ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، 15چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. 16ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“
17«کاتێک گەڕابوومەوە بۆ ئۆرشەلیم و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، 18مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“
19«منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. 20کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“
21«بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ شوێنی دوور دەتنێرم، بۆ لای ناجولەکەکان.“»
22هەتا باسی ناجولەکەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»
23لە کاتێکدا هاواریان دەکرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد، 24فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.
پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە
25کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتیی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟»
26کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو، چووە لای فەرماندەکە و هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتیی ڕۆمانییە!»
27فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتیی ڕۆمانیت؟»
گوتی: «بەڵێ.»
28فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم ڕەگەزنامەیەم وەرگرت.»
پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»
29ئەوانەی کە بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە، دەستبەجێ لێی دوور کەوتنەوە، فەرماندەکەش ترسا کە زانی هاوڵاتییەکی ڕۆمانیی کۆت کردووە.
30بۆ بەیانی فەرماندەکە ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە تۆمەتباری دەکەن، بۆیە ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە22:30 ئەنجومەنی باڵای جولەکە کە لە یۆنانی پێی گوتراوە سەنهەدرین، باڵاترین دەسەڵاتی جولەکە بووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ئایینی و شارستانی و تاوانبارکردنی هەبووە. کۆببنەوە. ئینجا پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.