Kurdi Sorani Standard

ڕائووس 1:1-22

ناعۆمی و ڕائووس

1لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان، قاتوقڕییەک لە خاکەکە سەریهەڵدا. لە بێت‌لەحمی یەهوداوە پیاوێک خۆی و ژنەکەی و دوو کوڕەکەی کۆچیان کرد و پەنایان بۆ وڵاتی مۆئاب برد. 2ناوی پیاوەکە ئەلیمەلەخ بوو، ناوی ژنەکەشی ناعۆمی بوو، ناوی دوو کوڕەکەشی مەحلۆن و کیلیۆن بوو، لە ئەفراتییەکانی1‏:2 ئەفراتی دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی ئەفرایم، دووەم کوڕی یوسف. بڕوانە پەیدابوون 41‏:52‏.‏ بێت‌لەحمی یەهودا بوون. ئیتر هاتن بۆ وڵاتی مۆئاب و لەوێ ژیان.

3لەوێ ئەلیمەلەخی مێردی ناعۆمی مرد، ناعۆمی و دوو کوڕەکەی مانەوە و 4دوو ژنی مۆئابیان هێنا، یەکێکیان ناوی عۆرپا بوو ئەوەی دیکەیان ڕائووس. لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ مانەوە. 5ئینجا مەحلۆن و کیلیۆن مردن، ئیتر ناعۆمی بەبێ کوڕ و مێرد مایەوە.

6دوای ئەوەی ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابدا بیستی کە خودا گەلەکەی خۆی بەسەرکردووەتەوە و نانی داوە پێیان، خۆی و بووکەکانی هەستان و وڵاتی مۆئابیان بەجێهێشت. 7لەگەڵ دوو بووکەکەی ئەو شوێنەی بەجێهێشت کە لێی دەژیا و ئەو ڕێگایەیان گرتەبەر کە دەیگەڕاندنەوە بۆ خاکی یەهودا.

8ناعۆمی بە بووکەکانی گوت: «با هەریەکەتان بگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی خۆی. خودا پاداشتی ئەو چاکەیەتان بداتەوە کە لەگەڵ مردووەکان و مندا کردتان. 9خودا هەریەکەتان لە ماڵی مێردی خۆی بحەسێنێتەوە.»

ئینجا ماچی کردن و ئەوانیش بە دەنگی بەرز گریان. 10پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین بۆ لای گەلەکەت.»

11ناعۆمی گوتی: «کچەکانم بگەڕێنەوە. بۆچی لەگەڵ من دێن؟ ئایا سکم کوڕی تێدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە مێردتان؟ 12بگەڕێنەوە و بڕۆن، چونکە پیر بووم و ناتوانم شوو بکەمەوە. وا گوتیشم ئومێدی ئەوە هەبوو کە ئەمشەو شوو بکەمەوە و چەند کوڕێکیشم بوو، 13ئایا چاوەڕێیان دەکەن هەتا گەورە دەبن؟ ئایا لەبەر ئەوان خۆتان دەبەستنەوە و شوو ناکەنەوە؟ نا کچەکانم. من لە ئێوە زیاتر خەفەت دەخۆم، چونکە خودا خراپەی بەسەرم هێنا.»

14ئینجا دیسان بە دەنگی بەرز گریان. عۆرپا خەسووی ماچکرد، بەڵام ڕائووس بە توندی لە باوەشی گرت.

15ناعۆمی گوتی: «ئەوەتا عۆرپای هێوەرژنت1‏:15 هێوەرژنت یان هەوگیانت.‏ گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی و خوداوەندەکانی. تۆش لەگەڵ ئەو بگەڕێوە.»

16بەڵام ڕائووس گوتی: «زۆرم لێ مەکە بەجێت بهێڵم و وازت لێ بهێنم، چونکە بۆ کوێ بچیت دەچم و لە هەرکوێ بمێنیتەوە دەمێنمەوە. گەلی تۆ گەلی منە و خودای تۆ خودای منە. 17لەکوێ بمریت لەوێ دەمرم و هەر لەوێش بە خاک دەسپێردرێم. با یەزدان توندترین سزام بدات، ئەگەر جگە لە مردن شتێک من لە تۆ جیا دەکاتەوە.» 18کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.

19ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن هەتا چوونە ناو بێت‌لەحم. کاتێک گەیشتنە بێت‌لەحم شارۆچکەکە هەمووی لەبەر ئەوان خرۆشا و گوتیان: «ئایا ئەمە ناعۆمییە؟»

20ئەویش پێی گوتن: «پێم مەڵێن ”ناعۆمی“1‏:20 واتە (هۆی خۆشی و شادییەکەم).‏، بەڵکو پێم بڵێن ”مارا“1‏:20 لە زمانی عیبری ناعۆمی‏ بە واتای خوێن شیرین دێت، هەروەها (مارا) بە واتای تاڵ.‏ چونکە خودای هەرە بەتوانا ژیانی زۆر تاڵ کردم. 21من بە پڕی ڕۆیشتم و خودا بە بەتاڵی منی هێنایەوە. بۆچی بە ناعۆمی بانگم دەکەن؟ ئەوەتا یەزدان کۆستی خستم، هەرە بەتوانا تووشی خراپەی کردم.»

22ئیتر ناعۆمی و ڕائووسی مۆئابی بووکی، لە وڵاتی مۆئابەوە هاتنەوە و لە سەرەتای دروێنەی جۆ چوونە ناو بێت‌لەحمەوە.

Habrit Hakhadasha/Haderekh

This chapter is not available yet in this translation.