Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 35:1-34

چەند شارۆچکەیەک بۆ لێڤییەکان

1ئینجا یەزدان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا بە موسای فەرموو: 2«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە، با لە موڵکی میراتیان چەند شارۆچکەیەک بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگاش لە چواردەوری شارۆچکەکان بە لێڤییەکان بدەن. 3ئینجا شارۆچکەکان بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێت و لەوەڕگاکانیش بۆ گاوگۆتاڵ و هەموو مەڕوماڵاتێکی دیکەیان دەبێت.

4«ئەو لەوەڕگایانەش کە دەیدەنە لێڤییەکان، لە شوورای شارۆچکەکانەوە بەلای دەرەوە، هەزار باڵ35‏:4 هەزار باڵ: نزیکەی 450 مەتر.‏ بە چواردەوریدا دەبێت. 5لە دەرەوەی شار بەلای ڕۆژهەڵاتدا دوو هەزار باڵ35‏:5 دوو هەزار باڵ: نزیکەی 900 مەتر.‏ دەژمێرن، بەلای باشووردا دوو هەزار باڵ، بەلای ڕۆژئاوادا دوو هەزار باڵ، بەلای باکووردا دوو هەزار باڵ و شارۆچکەکەش لەناوەڕاست دەبێت. ئەمە دەبێتە لەوەڕگای شارۆچکەکان بۆیان.

شارەکانی پەناگا

6«شەش لەو شارۆچکانەش کە بە لێڤییەکانی دەدەن دەبنە شاری پەناگا، بۆ ئەوەی هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت. سەرباری ئەمانەش چل و دوو شارۆچکەی دیکە دەدەنە لێڤییەکان. 7هەموو ئەو شارۆچکانەی دەیاندەنە لێڤییەکان، چل و هەشت شارۆچکەن بە لەوەڕگاکانیانەوە. 8ئەو شارۆچکانەش کە لە موڵکی نەوەی ئیسرائیل دەیدەنە لێڤییەکان، هەریەکە بەگوێرەی میراتی هەر هۆزێک. لەو هۆزانەی کە شارۆچکەیان زۆرە، زۆر وەردەگرن و لەو هۆزانەش کە کەمە، کەم وەردەگرن.»

9هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 10«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ خاکی کەنعان، 11چەند شارۆچکەیەک بۆ خۆتان دەستنیشان دەکەن و دەبنە شاری پەناگا، تاکو ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت. 12ئەو شارانە بۆتان دەبنە پەناگا لە دەست خوێنگر، بۆ ئەوەی تۆمەتبارکراو بە کوشتن، نەکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت بۆ دادوەری. 13ئەو شەش شارۆچکانەش کە ئێوە دەیدەن دەبنە شاری پەناگا بۆتان. 14سێ لە شارۆچکەکان لەوبەری ڕووباری ئوردون دەدەن و سێ شارۆچکەش لە خاکی کەنعان دەدەن، دەبنە شاری پەناگا، 15بۆ نەوەی ئیسرائیل و نامۆ و ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێیە. ئەم شەش شارە بۆ پەناگا دەبن، هەتا هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

16«”ئەگەر یەکێک بە ئامرازێکی ئاسن لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە. 17ئەگەر کەسێک بەردێکی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت و بەو بەردە لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە. 18یان ئەگەر کەسێک هەر شتێکی لە دار دروستکراوی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت، لە کەسێکی دیکەی دا، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە. 19خوێنگرەکە35‏:19 ‏خوێنگر: خوێنخوا، نزیکترین پلەی کۆمەڵایەتی کە مافی هەیە داوای تۆڵەی خوێنی بکات.‏ بکوژ دەکوژێت، هەر کاتێک تووشی بێت دەیکوژێتەوە. 20یان ئەگەر کەسێک بە ڕقەوە پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا یان بە ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت و مرد، 21یان ئەگەر بە دوژمنایەتییەوە بە مستەکۆڵە لێیدا و مرد، ئەوا دەستدرێژیکەر دەبێت بکوژرێتەوە، چونکە بکوژە، خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە هەر کاتێک تووشی بکوژ بێت دەیکوژێتەوە.

22«”بەڵام ئەگەر کەسێک لەناکاو پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا بەبێ دوژمنایەتی یان بەبێ ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت، 23یان بێ ئەوەی بیبینێت، بەردێکی گەورەی بەسەریدا بەردایەوە و مرد، ئەگەر چی دوژمنیشی نییە و خراپەی ئەوی ناوێت، 24ئەوا ئەنجومەن بەگوێرەی ئەم یاسایانە دادوەری لەنێوان تۆمەتبارکراوەکە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە دەکات. 25ئەنجومەن فریای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت لە دەست خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شارەی پەناگا کە بۆی هەڵاتبوو. لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سەرۆکی کاهین دەمرێت کە بە زەیتی پیرۆز دەستنیشان کراوە.

26«”بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکراوەکە لە سنووری شاری پەناگای کە بۆی هەڵاتووە، چووە دەرەوە و 27خوێنگری تۆڵەسێنەر ئەوی لە دەرەوەی سنووری شاری پەناگا بینییەوە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە تۆمەتبارکراوەکەی کوشت، ئەوا مافی تاوانبارکردنی خوێنی نییە، 28چونکە دەبێت هەتا مردنی سەرۆکی کاهین ئەو کەسە لە شاری پەناگا بێت، بەڵام لەدوای مردنی سەرۆکی کاهین، دەگەڕێتەوە موڵکەکەی خۆی.

29«”ئەمە بۆتان دەبێتە فەرزێکی یاسایی بۆ نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان.

30«”هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا لەسەر دەمی چەند شایەتێک بە بکوژ دادەنرێت و دەبێت بکوژرێتەوە، یەک شایەت بەس نییە بۆ شایەتیدان لەسەر کەسێک بۆ مردن.

31«”خوێنبایی وەرمەگرە بۆ بکوژێک کە شایانی سزای مردنە، بەڵکو دەبێت بکوژرێتەوە.

32«”هەروەها خوێنبایی وەرمەگرن بۆ ئەو کەسەی بۆ شاری پەناگا هەڵبێت، تاوەکو پێش مردنی سەرۆکی کاهین بگەڕێتەوە و لە زەوی خۆی نیشتەجێ بێت.

33«”ئەو خاکەی ئێوە تێیدان گڵاوی مەکەن، چونکە خوێن خاک گڵاو دەکات، هیچ شتێک کەفارەتی ئەو خوێنە ناکات کە لە خاکەکە ڕژاوە، تەنها خوێنی خوێنڕێژەکە نەبێت. 34کەواتە ئەو خاکەی کە ئێوە تێیدا نیشتەجێن و من لەناوەڕاستیدا نیشتەجێم گڵاوی مەکەن، چونکە من کە یەزدانم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێم.“»