Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 8:1-32

1یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بڕۆن بۆ ئەوەی بمپەرستن. 2ئەگەر ڕازی نەبیت و ڕێیان نەدەیت، هەموو خاکەکەت پڕدەبێت لە بۆق. 3ڕووباری نیل پڕدەبێت لە بۆق، سەردەکەون و دێنە ناو ماڵەکەت و ژووری نوستنەکەت و سەر قەرەوێڵەکەت، هەروەها دەچنە ماڵی خزمەتکارەکانت و سەر گەلەکەت و ناو تەنوورەکانت و تەشتە هەویرەکانت. 4بۆق دێتە سەر خۆت و گەلەکەت و خزمەتکارەکانت.“»

5ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”بە گۆچانەکەت دەست درێژبکە بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماوەکان، بۆق سەربخە بۆ سەر خاکی میسر.“»

6هارونیش دەستی درێژکردە سەر ئاوی میسر، بۆق سەرکەوتن و خاکی میسریان داپۆشی. 7جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، بۆقیان هێنایە سەر خاکی میسر.

8فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «لە یەزدان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بۆق لە خۆم و گەلەکەم دووربخاتەوە، منیش ڕێ بە گەلەکە دەدەم بڕۆن قوربانی بۆ یەزدان سەرببڕن.»

9موساش بە فیرعەونی گوت: «کاتێکم پێ بفەرموو کە بپاڕێمەوە لە پێناوی خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، بۆ بڕانەوەی بۆق لە تۆ و لە ماڵەکانت، بەڵام بۆق لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»

10ئەویش گوتی: «بەیانی.»

موساش گوتی: «وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، بۆ ئەوەی بزانیت کە هیچ خودایەک نییە وەک یەزدانی پەروەردگارمان. 11بۆقەکانیش لە خۆت و ماڵەکانت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت دوور دەکەونەوە، بەڵام لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»

12لەدوای ئەوەی موسا و هارون لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە، موسا هاواری بۆ یەزدان کرد لەبەر ئەو بۆقانەی کە وەک بەڵا بەسەر فیرعەونی هێنابوو. 13یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، بۆقەکان لە ماڵ و حەوشە و کێڵگەکان مردن. 14کۆمەڵ کۆمەڵ کۆیان کردنەوە و خاکەکە گەندەڵ بوو. 15بەڵام کاتێک فیرعەون بینی خامۆشی هاتە کایەوە، دڵی ڕەق کردەوە و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.

کارەساتی سێیەم: مێشوولە

16ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت درێژ بکە و لە خۆڵی زەوی بدە،“ جا خۆلی زەوی لە هەموو خاکی میسر دەبێتە مێشوولە.» 17ئیتر ئاوایان کرد، هارون بە گۆچانەکەی دەستی درێژکرد و لە خۆڵی زەوییەکەی دا، مێشوولە هاتە سەر خەڵک و سەر ئاژەڵەکان، لە هەموو خاکی میسر هەموو خۆڵی زەوییەکە بوو بە مێشوولە. 18جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد بۆ پەیدابوونی مێشوولە، بەڵام نەیانتوانی.

لەبەر ئەوەی مێشوولە لەسەر خەڵک و لەسەر ئاژەڵ مایەوە، 19جادووگەرەکان بە فیرعەونیان گوت: «ئەمە پەنجەی خودایە.» بەڵام فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.

کارەساتی چوارەم: مێش

20ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و کە فیرعەون بەرەو ئاوەکە دەچێت لەبەردەمی ڕابوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن. 21ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت بڕۆن، ئەوا منیش مێشومەگەزێکی زۆر دەنێرمە سەر خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت و ماڵەکانت، ئیتر ماڵی میسرییەکان پڕ دەبێت لە مێش، تەنانەت زەوییەکەش بە مێش دادەپۆشرێت.

22«”بەڵام لەو ڕۆژەدا خاکی گۆشەن8‏:22 بڕوانە پەیدابوون 45‏:10‏.‏ جیا دەکەمەوە کە گەلەکەمی لەسەر دەژین، بۆ ئەوەی مێش لەوێدا نەبێت، هەتا بزانیت من یەزدانم لەناوەڕاستی خاکەکەدا. 23جیاوازییەک لەنێوان گەلەکەم و گەلەکەت دادەنێم، بەیانی ئەم نیشانەیە دەبێت.“»

24یەزدانیش ئاوای کرد و مێشومەگەزێکی زۆر هاتنە ناو ماڵی فیرعەون و ماڵی خزمەتکارانی، لە هەموو خاکی میسریش زەوییەکە لەبەر مێش وێران بوو.

25ئینجا فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «بڕۆن لەم خاکە قوربانی بۆ خوداتان سەرببڕن.»

26بەڵام موسا گوتی: «ڕاست نییە ئێمە وا بکەین، چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە ئێمە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەری دەبڕین لەلای میسرییەکان قێزەونە، ئەگەر ئەوەی لەلای میسرییەکان قێزەونە لەبەرچاویان سەری ببڕین، ئایا بەردبارانمان ناکەن؟ 27سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، وەک پێمان دەڵێت.»

28فیرعەونیش گوتی: «من ڕێتان دەدەم بڕۆن و لە چۆڵەوانی قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەرببڕن، بەڵام دوور مەڕۆن و بۆم بپاڕێنەوە.»

29موساش وەڵامی دایەوە: «من لەلای تۆ دەچمە دەرەوە و لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئیتر بۆ بەیانی مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور دەکەونەوە، بەڵام ئیتر نابێت فیرعەون فێڵ بکات، هەتا ڕێ بە گەلەکە نەدات بڕۆن بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان.»

30جا موسا لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە. 31یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، ئیتر مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوورکەوتنەوە و هیچیان نەما. 32بەڵام فیرعەون ئەم جارەش دڵی ڕەقکرد و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.