Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 26:1-23

پاشایەتی عوزیا

1ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای26‏:1 هەروەها بە ناوی عەزەریاش هاتووە.‏ گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. 2ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.

3عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. 4بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. 5عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد.

6لە دژی فەلەستییەکان جەنگی بەرپا کرد، شووراکانی گەت و یەڤنێ و ئەشدۆدی ڕووخاند. لە دەوروبەری ئەشدۆد و لە چەند شوێنێکی دیکە لەنێو فەلەستییەکان چەند شارۆچکەیەکی بنیاد ناوە. 7خوداش لە شەڕی دژی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی گور بەعل و مەعونییەکان یارمەتی دا. 8عەمۆنییەکانیش سەرانەیان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هەتا دەروازەی میسر بڵاو بووەوە، چونکە زۆر بەهێز بوو.

9عوزیا چەند قوللەیەکی لە ئۆرشەلیم لەسەر دەروازەی گۆشەکە و دەروازەی دۆڵەکە و لەلای گۆشەکەوە بنیاد نا و قاییمی کردن. 10هەروەها چەند قوللەیەکی لە چۆڵەوانیدا بنیاد نا و ئەمباراوی زۆریشی لێدا، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری لە زوورگ و لە دەشت هەبوو، هەروەها جوتیار و ڕەزەوانی زۆریشی لە چیا و لە باخدا هەبوو، چونکە زۆر حەزی لە کشتوکاڵ بوو.

11عوزیا سوپایەکی مەشقپێکراوی هەبوو، بەگوێرەی ژمارەیان بە تیپی ڕێکخراو بەڕێ دەکەوتن. ئەمەش بەگوێرەی سەرژمێرییان لەلایەن یەعیێلی خامەی نهێنی و مەعسێیاهوی فەرماندە، لەژێر سەرپەرشتی حەنەنیا بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پاشا. 12کۆی ژمارەی گەورەی بنەماڵەکان، لە پاڵەوانە ئازاکان، دوو هەزار و شەش سەد کەس بوو، 13سوپایەکی سێ سەد و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی مەشقپێکراوی هەبوو کە زۆر بە قارەمانانە دەجەنگان بۆ یارمەتیدانی پاشا بەسەر دوژمنەکانیدا. 14هەروەها عوزیا بۆ هەموو سەربازەکان قەڵغان، ڕم، کڵاوی ئاسنی، سپەر، کەوان و بەردی قۆچەقانی بۆ دابین کردن. 15لە ئۆرشەلیم مەنجەنیقی دروستکرد کە داهێنانی پیشەوەرە شارەزاکان بوو، بۆ ئەوەی لەسەر قوللەکان و لەسەر گۆشەی شووراکان بن بۆ هاویشتنی تیر و بەردی گەورە. بەو شێوەیە ناوبانگی گەیشتە شوێنە دوورەکان، چونکە سەرسوڕهێنەرانە یارمەتی درا هەتا بەهێز بوو.

16بەڵام عوزیا پاش ئەوەی بەهێز بوو، لەخۆبایی بوو هەتا بووە هۆی کەوتنی خۆی. ناپاکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگار کرد و هاتە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بخوور لەسەر قوربانگای بخوور بسووتێنێت. 17عەزەریای کاهین لەگەڵ هەشتا کاهینی ئازای یەزدان لەدوای ئەو هاتنە ژوورەوە، 18بەرەنگاری عوزیای پاشا بوونەوە و پێیان گوت: «ئەی عوزیا، بۆت نییە بخوور بۆ یەزدان بسووتێنیت، چونکە بخوور سووتاندن بۆ کاهینە تەرخانکراوەکانی نەوەی هارونە. لە پیرۆزگاکە بڕۆ دەرەوە، چونکە تۆ ناپاکیت کرد و هیچ ڕێزێکت لەلای یەزدانی پەروەردگار نییە.»

19عوزیا پەست بوو و لە کاتی پەستبوونی لە کاهینەکان، بخووردانەکەی بەدەستەوە بوو بۆ بخوور سووتاندن. لەبەردەم کاهینەکان لەناو پەرستگای یەزدان لەلای قوربانگاکەی بخوور سووتاندن، نەخۆشی گولی لە ناوچەوانی دەرکەوت. 20کە عەزەریای سەرۆکی کاهین و کاهینەکانی دیکە ئاوڕیان لێی دایەوە و بینییان ناوچەوانی تووشی گەڕوگولی بووە، لەوێ دەریانکرد، هەروەها خۆشی بە پەلە بوو لە هاتنە دەرەوە، چونکە یەزدان تووشی کردبوو.

21عوزیا پاشا هەتا ئەو ڕۆژەی مرد گەڕوگول بوو، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، لەبەر گەڕوگولییەکەی لە پەرستگای یەزدانیش دەرکرا. یۆتامی کوڕیشی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.

22ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عوزیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، ئیشایای پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ تۆماری کرد. 23عوزیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیک ئەوان لە گۆڕستانێکی دیکەی پاشاکان نێژرا کە شاهانە نەبوو، چونکە گوتیان: «گەڕوگولە.» ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.