Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 25:1-28

پاشایەتی ئەمەسیا

1کاتێک ئەمەسیا بوو بە پاشا، تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو. بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. 2ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک بە دڵێکی تەواوەوە. 3کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو. 4بەڵام کوڕەکانی ئەوانی نەکوشت، بەڵکو بەو شێوەیەی کرد کە لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»25‏:4 لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت: بڕوانە دواوتار 24‏:16.‏

5ئەمەسیا یەهودای کۆکردەوە و بەپێی بنەماڵەکان داینان بە فەرماندەی هەزاران و سەدان لە هەموو یەهودا و بنیامیندا. پاشان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەرژمێری کرد و بینی سێ سەد هەزار پیاو کە ئامادە بوون بۆ جەنگ، پڕچەککراو بە ڕم و قەڵغان بوون. 6هەروەها سەد هەزار پاڵەوانی بەهێزی لە ئیسرائیل بە سەد تالنت زیو25‏:6 کەمێک زیاتر لە 3,4 تەنی زیو دەبوو.‏ بەکرێ گرت.

7بەڵام پیاوێکی خودا هات بۆ لای و گوتی: «ئەی پاشا، با سوپای ئیسرائیل لەگەڵتدا نەیێت، چونکە یەزدان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، واتە لەگەڵ هیچ کەسێکی نەوەی ئەفرایمدا نییە. 8تەنانەت ئەگەر تۆش بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆیت و شەڕ بکەیت، ئەوا خودا لەبەردەم دوژمن دەتخات، چونکە لەلای خودا هێز هەیە بۆ یارمەتیدان و بۆ خستنیش.»

9ئەمەسیا لە پیاوەکەی خودای پرسی: «ئەی چی بکرێت بۆ ئەو سەد تالنتەی کە داومەتە چەتەکانی ئیسرائیل؟»

پیاوەکەی خوداش گوتی «یەزدان دەتوانێت لەوە زیاترت پێبدات.»

10ئیتر ئەمەسیا ئەو بەکرێگیراوانەی جیا کردەوە کە لە ئەفرایمەوە هاتبوون هەتا بۆ شوێنەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوانیش لە یەهودا زۆر تووڕە بوون و بە گڕی تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی خۆیان.

11بەڵام ئەمەسیا ورەی دایە بەرخۆی و ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد بۆ دۆڵی خوێ25‏:11 دۆڵی خوێ: دەکەوێتە باشووری دەریای مردوو.‏ و دە هەزار کەسی لە نەوەی سێعیر کوشت، 12نەوەی یەهوداش دە هەزاریان بە زیندوویی لێ بە دیل گرتن و هێنایانن بۆ سەر خەرەندێک25‏:12 شوێنێکی ڕێک و بەرزە، سەرکەوتن بەسەریدا زۆر زەحمەتە، وەک (خەرەندی ڕەواندوز).‏ و لەسەر هەڵدێرەکەوە فڕێیان دانە خوارەوە و هەموویان پارچەپارچە بوون.

13بەڵام ئەو چەتانەی کە ئەمەسیا نەیهێشت لەگەڵیدا بچنە جەنگەکە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی یەهودا، لە سامیرەوە هەتا بێت‌حۆرۆن و سێ هەزاریان لێ کوشتن و تاڵانێکی زۆریشیان برد.

14پاش ئەوەی ئەمەسیا لە لێدانی ئەدۆمییەکان گەڕایەوە، بتەکانی نەوەی سێعیری هێنا و کردنی بە خوداوەندی خۆی و کڕنۆشی بۆ بردن و بخووری بۆ سووتاندن. 15جا تووڕەیی یەزدان لە ئەمەسیا جۆشا و پێغەمبەرێکی بۆ نارد و پێی گوت: «بۆچی داوای خوداوەندەکانی ئەو گەلەت کرد کە نەیانتوانی گەلەکەی خۆیان لە دەستت دەرباز بکەن؟»

16کاتێک هێشتا قسەی لەگەڵ دەکرد، پێی گوت: «ئایا تۆیان کردووە بە ڕاوێژکاری پاشا؟ بێدەنگ بە با نەتکوژن!»

ئەو کاتە پێغەمبەرەکە وەستا، بەڵام گوتی: «زانیم کە خودا بڕیاری داوە بە لەناوبردنت، چونکە ئەمەت کرد و گوێت لە ڕاوێژم نەگرت.»

17پاش ئەوەی ئەمەسیای پاشای یەهودا ڕاوێژی کرد، ناردی بەدوای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیلدا و گوتی: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»

18یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «کەرتەشیی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی،“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر کەرتەشییەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە. 19تۆ گوتت ئەدۆمم شکاندووە، ئێستا لەخۆبایی بوویت، شانازیت کرد هەتا ڕێزداربیت، لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»

20بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، ئەمەش لەلایەن خوداوە بوو، چونکە خودا ویستی بیانداتە دەستی یەهۆئاش، لەبەر ئەوەی ڕوویان لە خوداوەندەکانی ئەدۆم کرد. 21لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. 22لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات. 23ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش هێنای بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ25‏:23 چوار سەد باڵ: نزیکەی 180 مەتر.‏ بوو. 24هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای خودا کە لەلای عوبێد ئەدۆم بوو، هەروەها گەنجینەکانی کۆشکی پاشا و بارمتەکانی برد و گەڕایەوە سامیرە.

25ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا. 26ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون. 27لەو کاتەوەی کە ئەمەسیا لە یەزدان هەڵگەڕایەوە، لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان. 28بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری یەهودا لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.