Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 18:1-33

مەرگی ئەبشالۆم

1داود سەرژمێری ئەو پیاوانەی کرد کە لەگەڵیدا بوون، فەرماندەی هەزاران و سەدانی بەسەرەوە دانان. 2ئینجا داود سێیەکی سەربازەکانی بە دەستی یۆئابدا نارد، سێیەکیش بە دەستی ئەبیشەی کوڕی چەرویای برای یۆئاب، سێیەکیش بە دەستی ئیتتایی گەتی. پاشا بە سوپاکەی گوت: «هەروەها بە دڵنیاییەوە منیش لەگەڵتان دێمە دەرەوە.»

3بەڵام سەربازەکان گوتیان: «مەچۆ دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێمە هەڵبێین گوێمان پێ نادەن، ئەگەر نیوەشمان لێ بمرێت هەر گوێمان پێ نادەن، بەڵام تۆ هێندەی دە هەزار کەسی لە ئێمە، ئێستاش باشترە کە تۆ بۆ یارمەتیدانمان لە شارەکە بیت.»

4پاشاش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی پێتان باشە دەیکەم.»

ئیتر پاشا لەلای دەروازەکەوە وەستا و هەموو پیاوان بە یەکەی سەدان و بە هەزاران چوونە دەرەوە. 5پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد.

6سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا. 7لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا. 8شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون.

9ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت.

10پیاوێک بینی و بە یۆئابی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا ئەبشالۆمم بینی بە دار بەڕووەکەوە هەڵواسرابوو.»

11یۆئابیش بەو پیاوەی گوت کە پێی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا بینیت؟ ئەی بۆچی لەوێ بە زەویتدا نەدا، هەتا دە شاقل18‏:11 نزیکەی 115 گرام.‏ زیو و پشتێنێکت بدەمێ؟»

12بەڵام پیاوەکە بە یۆئابی گوت: «تەنانەت ئەگەر هەزار شاقل18‏:12 نزیکەی 12 کیلۆگرام.‏ زیویش بکێشن و بە دەستم بگات، بە هیچ جۆرێک دەستم بۆ کوڕی پاشا درێژ ناکەم، چونکە پاشا لەبەردەمی ئێمە فەرمانی بە تۆ و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: ”لەبەر من ئەو گەنجە، ئەبشالۆم بپارێزن و دەستی لێ مەدەن.“ 13ئەگەر نا ستەمم لەگەڵ خۆم دەکرد، پاشاش هیچی لێ ناشاردرێتەوە، تۆش لە دژم دەوەستایت.»

14یۆئابیش گوتی: «من بەم شێوەیە لەبەردەمتدا ئارام ناگرم.» جا سێ ڕمی گرت بە دەستیەوە و لە دڵی ئەبشالۆمی گرت کە هێشتا لەناو دار بەڕووەکەدا زیندوو بوو. 15دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان.

16ئەوسا یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و ڕێگای لەسەر سەربازەکان گرت، سەربازەکانیش لە ڕاونانی ئیسرائیل گەڕانەوە. 17ئیتر ئەبشالۆمیان هەڵگرت و لە دارستانەکەدا فڕێیاندایە ناو چاڵێکی گەورە، بەردێکی زۆریان لەسەری کەڵەکە کرد. هەموو ئیسرائیلیش هەریەکە و بۆ شوێنی خۆی هەڵات.

18پێشتر ئەبشالۆم کە هێشتا زیندوو بوو، ئەو کۆڵەکەیەی کە لە دۆڵی پاشادا بوو بردبووی و بۆ خۆی دایمەزراندبوو، چونکە گوتبووی: «کوڕێکم نییە بۆ یادکردنەوەی ناوەکەم.» کۆڵەکەکەشی بە ناوی خۆیەوە ناونا، هەتا ئەمڕۆش پێ دەگوترێت «یادەوەری ئەبشالۆم».

گریانی داود بۆ ئەبشالۆم

19ئەوە بوو ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق گوتی: «با ڕابکەم و مژدە بدەمە پاشا: ”یەزدان حەقی بۆ سەندیتەوە و لە دوژمنەکانت ڕزگاری کردیت.“»

20یۆئابیش پێی گوت: «تۆ ئەمڕۆ خاوەن مژدە نیت، لە ڕۆژێکی دیکەدا مژدە بدە و ئەمڕۆ مژدە مەدە، چونکە کوڕی پاشا مردووە.»

21یۆئاب بە کوشییەکی18‏:21 لە وڵاتێکە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏ گوت: «بڕۆ و ئەوەی بینیت بە پاشای ڕابگەیەنە.» کوشییەکەش کڕنۆشی بۆ یۆئاب برد و ڕایکرد.

22ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق دووبارە بە یۆئابی گوت: «هەرچییەک بووە لێمگەڕێ با منیش بەدوای کوشییەکەدا ڕابکەم.»

یۆئابیش گوتی: «کوڕم، تۆ بۆ ڕادەکەیت، لە کاتێکدا مژدەیەکت نییە شایانی پاداشت بێت؟»

23ئەویش گوتی: «هەرچی بێت، ڕادەکەم.»

یۆئابیش پێی گوت: «ڕابکە!» ئەوسا ئەحیمەعەچ بە ڕێگای پێدەشتەکەدا ڕایکرد و بە پێش کوشییەکە کەوت.

24کاتێک داود لەنێوان دەروازەکانی ژوورەوە و دەرەوە دانیشتبوو، ئێشکگرەکە سەرکەوتە سەربانی دەرگاکە بۆ سەر شووراکە، چاوی هەڵبڕی و بینی پیاوێک بە تەنها ڕادەکات. 25ئێشکگرەکە هاواری کرد و بە پاشای ڕاگەیاند.

پاشاش گوتی: «ئەگەر بە تەنها بێت مژدەی پێیە.» پیاوەکەش ڕایدەکرد و نزیک دەبووەوە.

26ئینجا ئێشکگرەکە پیاوێکی دیکەی بینی ڕادەکات، بانگی دەرگاوانەکەی کرد و پێی گوت: «ئەوەتا پیاوێکی دیکەش بە تەنها ڕادەکات.»

پاشاش گوتی: «ئەمەش هەر مژدەی پێیە.»

27ئێشکگرەکە گوتی: «من دەبینم کە ڕاکردنی یەکەم وەک ڕاکردنی ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق وایە.»

پاشاش گوتی: «ئەمە پیاوچاکە و مژدەیەکی چاکیش دەهێنێت.»

28ئەحیمەعەچ هاواری کرد و بە پاشای گوت: «سڵاو، هەموو شتێک باشە!» کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی ئەو خەڵکەی ڕادەست کرد کە لە پاشای گەورەم هەستابوون!»

29پاشاش گوتی: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»

ئەحیمەعەچیش گوتی: «گەورەم، کاتێک کە یۆئابی بەردەستی تایبەتی تۆ منی دەنارد، شڵەژانێکی گەورەم بینی، بەڵام نەمزانی چی بوو.»

30پاشاش گوتی: «بسووڕێوە و لێرە ڕابوەستە.» ئەویش سووڕایەوە و ڕاوەستا.

31لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»

32پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»

کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»

33جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»