Kurdi Sorani Standard

دواوتار 31:1-30

یەشوع جێگەی موسا دەگرێتەوە

1جا موسا چوو بەم وشانە لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد و 2پێی گوتن: «ئێستا من تەمەنم سەد و بیست ساڵە، ئیتر ناتوانم ڕابەرایەتیتان بکەم و یەزدانیش پێی فەرمووم: ”لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە.“ 3یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە، خۆی ئەو نەتەوانە لەپێشتانەوە لەناودەبات و ئێوەش دەبنە میراتگریان. یەشوع لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک یەزدان فەرمووی. 4هەروەها یەزدان چی بە سیحۆن و عۆگ و بە خاکەکەیان کرد، دوو پاشاکەی ئەمۆرییەکان، کە لەناوی بردن ئاواش بەوان دەکات. 5جا کاتێک یەزدان ئەوانی خستە دەستتان بەگوێرەی هەموو ئەو فەرمانانەی فەرمانم پێتان کرد، ئاوایان لێ دەکەن. 6بەهێزبن و ئازابن، لێیان مەترسن و مەتۆقن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەرگیز پشتگوێتان ناخات و وازتان لێ ناهێنێ.»

7جا موسا یەشوعی بانگکرد و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل پێی گوت: «بەهێز و ئازابە، چونکە تۆ لەگەڵ ئەم گەلە دەچیتە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە بیانداتێ و تۆش بۆیانی دابەش دەکەیت وەک میراتیان، 8یەزدانیش خۆی لەپێشتەوە دەڕوات، ئەو لەگەڵت دەبێت، هەرگیز پشتگوێت ناخات و وازت لێ ناهێنێ، مەترسە و ورە بەرمەدە.»

خوێندنەوەی تەورات

9ئینجا موسا ئەم فێرکردنەی نووسی و دایە دەستی کاهینەکان، کە نەوەی لێڤین و هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدانن، لەگەڵ هەموو پیرانی ئیسرائیل. 10موسا فەرمانیشی پێکردن و گوتی: «هەر حەوت ساڵ جارێک، لە ساڵی لێخۆشبوونی قەرزەکان31‏:10 بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان: بڕوانە 15‏:1‏-10.‏، لە جەژنی کەپرەشینەدا31‏:10 جەژنی کەپرەشینە: بڕوانە 16‏:13‏-17، لێڤییەکان23‏:33‏-43، سەرژمێری 29‏:12‏-38.‏، 11کاتێک هەموو ئیسرائیل دێن هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەربکەون لەو شوێنەی کە هەڵیدەبژێرێت، ئەم فێرکردنە لە بەرامبەر هەموو ئیسرائیلدا گوێیان لێ بێت کە دەیخوێنیتەوە. 12گەل کۆبکەنەوە، پیاو و ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لە شارۆچکەکانتانە بۆ ئەوەی گوێ بگرن و فێر بن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە پەیڕەو بکەن و کاری پێ بکەن. 13هەروەها نەوەکانیشتان کە ئەم فێرکردنەیان نەزانیوە، گوێ دەگرن و فێر دەبن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن، بە درێژایی ئەو ڕۆژانەی لەسەر ئەو زەوییە دەژین کە ئێوە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

پێشبینی یاخیبوونی ئیسرائیل

14یەزدان بە موسای فەرموو: «وا تەمەنت لە مردن نزیک بووەتەوە، یەشوع بانگ بکە و لەناو چادری چاوپێکەوتن بوەستن بۆ ئەوەی ئەرکی پێ بسپێرم.» ئیتر موسا و یەشوع چوون و لەناو چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.

15ئینجا یەزدان لە ستوونی هەورێک دەرکەوت و ستوونی هەورەکە لە دەروازەی چادرەکە وەستا. 16یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەوەتا تۆ لەگەڵ باوباپیرانت سەردەنێیتەوە، جا ئەم گەلە هەڵدەستن و لەشفرۆشی31‏:16 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتە لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.‏ لەگەڵ خوداوەندە بێگانەکانی ئەو خاکە دەکەن کە دەچنە ناوی و وازم لێ دەهێنن و ئەو پەیمانەم دەشکێنن کە لەگەڵیان بەستوومە. 17ئیتر لەو ڕۆژەدا تووڕەییم بەسەریاندا گڕ دەگرێت و وازیان لێ دەهێنم و ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە و دەبنە نێچیر و تووشی زۆر ناخۆشی و بەڵا دەبن، هەتا ئەوەی لەو ڕۆژەدا دەڵێن: ”ئایا لەبەر ئەوە تووشی ئەو بەڵایانە بووین چونکە خودا لەگەڵمان نییە؟“ 18منیش لەو ڕۆژەدا ڕووی خۆم دەشارمەوە لەبەر هەموو ئەو خراپەیەی کە کردیان و کە دوای خودای دیکە کەوتن.

19«ئێستاش ئەم سروودە بۆ خۆتان بنووسن و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێر بکەن، بیخەنە دەمیانەوە هەتا بۆ من ببێتە شایەت بەسەر نەوەی ئیسرائیلەوە، 20چونکە من دەیانبەمە ناو ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، جا دەخۆن و تێر دەبن و قەڵەو دەبن و ئینجا دوای خودای دیکە دەکەون و دەیپەرستن و پشتم لێ دەکەن و پەیمانەکەم دەشکێنن. 21جا کاتێک تووشی بەڵا و ناخۆشی دەبن، ئەم سروودە وەک شایەت وەڵامیان دەداتەوە، چونکە لە دەمی نەوەکەیان لەبیر ناکرێت، من دەزانم ئەوان ئەمڕۆ بیر لە چی دەکەنەوە، بەر لەوەی بیانبەمە ناو ئەو خاکەوە وەک سوێندم بۆ خواردن.» 22جا موسا لەو ڕۆژەدا ئەم سروودەی نووسی و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێرکرد.

23ئینجا یەزدان فەرمانی بە یەشوعی کوڕی نون کرد و فەرمووی: «بەهێزبە و ئازابە، چونکە تۆ نەوەی ئیسرائیل دەبەیتە ناو ئەو خاکەی لەسەری سوێندم بۆیان خوارد و منیش لەگەڵت دەبم.»

24لەدوای ئەوەی موسا بە تەواوی لە نووسینی وشەکانی ئەم فێرکردنە بووەوە لە پەڕتووکێک، 25فەرمانی بە لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان کرد و گوتی: 26«ئەم پەڕتووکەی تەورات ببەن و لەتەنیشت سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دایبنێن، هەتا وەک شایەتی بەسەرتانەوە لەوێ بێت، 27چونکە من یاخیبوون و کەللەڕەقیتان دەزانم. من وا هێشتا زیندووم و ئەمڕۆ لەگەڵتانم، ئێوە بەو شێوەیە بەربەرەکانێی یەزدان دەکەن، ئەی باشە لەدوای مردنم چی دەکەن! 28هەموو پیرانی هۆزەکان و کوێخاکانتانم بۆ کۆبکەنەوە، هەتا ئەم وشانەیان بەگوێدا بدەم، ئاسمان و زەوی بکەم بە شایەت بەسەریانەوە، 29چونکە دەزانم ئێوە دوای مردنم بە تەواوی گەندەڵ دەبن و لەو ڕێگایە لادەدەن کە فەرمانم پێ کردوون. لە ڕۆژانی ئاییندە تووشی خراپە دەبن، چونکە لە بەرامبەر یەزدان خراپە دەکەن، بەو بتانە پەستی دەکەن کە بەدەستی خۆتان دروستی دەکەن.»

سروودەکەی موسا

30جا موسا تەواوی وشەکانی ئەم سروودەی خستە بەر گوێی هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل: