Kurdi Sorani Standard

دواوتار 3:1-29

شکاندنی عۆگ پاشای باشان

1ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتین، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەمان لە ئەدرەعی. 2یەزدانیش پێی فەرمووم، «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»

3جا یەزدانی پەروەردگارمان، عۆگی پاشای باشان و هەموو سوپاکەی دایە دەستمان و لێماندا و نەمانهێشت کەس دەرباز بێت. 4لەو کاتەشدا دەستمان بەسەر هەموو شارەکانیدا گرت. هیچ شارێک لەو شەست شارە نەمایەوە کە لێیان نەستێنین، واتە هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ شانشینی عۆگ لە باشان. 5هەموو ئەو شارانە شوورابەند بوون بە شوورای بەرز و دەروازە و شمشیرەیان3‏:5 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گوندێکی زۆر شوورایان نەبوو. 6جا بە تەواوی قڕمان کرد3‏:6 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏، وەک ئەوەی بە سیحۆنی پاشای حەشبۆنمان کرد، لە هەموو شارێکدا پیاو و ژن و منداڵەکانمان بە تەواوی قڕکرد. 7بەڵام هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان و دەستکەوتی شارەکانیان بۆ خۆمان تاڵان کرد.

8لەو کاتەدا ئەو خاکەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دەربەندی ئەرنۆنەوە هەتا چیای حەرمۆنمان لە دەستی ئەم دوو پاشایەی ئەمۆرییەکان دەرهێنا. 9سەیدائییەکان بە حەرمۆن دەڵێن سیریۆن و ئەمۆرییەکانیش پێی دەڵێن سنیر. 10هەموو شارۆچکەکانی دەشت و هەموو گلعاد و هەموو باشان هەتا سەلخە و ئەدرەعی، دوو شارەکەی شانشینی عۆگ لە باشاندا دەستمان بەسەردا گرت. 11عۆگی پاشای باشان بە تەنها مابووەوە لە پاشماوەی ڕفائییەکان، قەرەوێڵەکەی لە ئاسن دروستکرابوو، هەتا ئێستا لە شاری ڕەبەی3‏:11 شاری ڕەبە: ئێستا بە عەمان ناودەبردرێت، پایتەختی وڵاتی ئوردونە.‏ عەمۆنییەکانە، درێژییەکەی نۆ باڵ3‏:11 نۆ باڵ: نزیکەی 4 مەتر.‏ و پانییەکەی چوار باڵە3‏:11 چوار باڵ: نزیکەی 1,8 مەتر.‏ بە باڵی پیاو.

دابەشکردنی خاکەکە

12لەو کاتەی دەستمان بەسەر ئەو خاکەدا گرت، هەرێمێکم دایە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان، لە سەرووی عەرۆعێرەوە کە لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و نیوەی ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد و شارۆچکەکانی لە هەرێمەکەدا بوو. 13ئەوەشی لە گلعاد مایەوە و هەموو باشانی شانشینی عۆگ دامە نیوەی هۆزی مەنەشە3‏:13 هۆزی مەنەشە دابەش ببوون بۆ سەر دوو بەش، هەریەکەیان کەوتبووە لایەکی ڕووباری ئوردون.‏. هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ لەگەڵ هەموو باشان بوو، کە بە خاکی ڕفائییەکان ناودەبردرا. 14یائیری نەوەی مەنەشە دەستی بەسەر هەموو هەرێمی ئەرگۆڤدا گرت هەتا سنووری گەشوورییەکان و مەعکاتییەکان و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا، هەتا ئەمڕۆش باشان بە حەڤۆت یائیر ناودەبردرێت. 15گلعادیشم دا بە ماکیر. 16لە گلعادیشەوە هەتا دەربەندی ئەرنۆن ناوەڕاستی دۆڵەکە سنوور بوو، هەتا ڕووباری یەبۆق سنووری عەمۆنییەکان دامە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان. 17عەراڤا و ڕووباری ئوردونیش سنووری ڕۆژئاواییەکەی بوو، لە کینەرەتەوە هەتا دەریای عەراڤا، دەریای مردوو3‏:17 دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.‏، لەژێر بنارەکانی پسگە.

18ئەو کاتە فەرمانم پێکردن و گوتم، «یەزدانی پەروەردگارتان ئەم خاکەی پێداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن، هەموو پاڵەوانەکان بە چەکەوە لەپێش نەوەی ئیسرائیلی برایانتان دەپەڕنەوە، 19بەڵام ژن و منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکانتان، زانیومە ئاژەڵی ماڵی زۆرتان هەیە، ئەوا لە شارۆچکەکانتان دەمێننەوە کە پێم داون، 20هەتا یەزدان براکانیشتان وەک ئێوە بحەسێنێتەوە، ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەی پشتی ڕووباری ئوردوندا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ، ئینجا هەرکەسە دەگەڕێتەوە لای موڵکی خۆی کە پێم دان.»

ڕێنەدان بە پەڕینەوەی موسا

21لەو کاتەشدا فەرمانم بە یەشوع کرد و گوتم، «چاوەکانت هەموو ئەوەیان بینی کە یەزدانی پەروەردگارتان بەم دوو پاشایەی کرد، یەزدان هەمان شت دەکات بە هەموو ئەو پاشایەتییانەی تۆ بۆیان دەپەڕیتەوە. 22لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بۆتان دەجەنگێت.»

23لەو کاتەدا لە یەزدان پاڕامەوە و گوتم: 24«ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەستت پێ کرد مەزنی و دەستی بەهێزت بە خزمەتکارەکەت پیشان بدەیت، چونکە چ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی وەک کردەوەکان و تواناکانی تۆ دەکات؟ 25تکایە لێمگەڕێ با بپەڕمەوە و ئەو خاکە چاکەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونە، ئەو ناوچە شاخاوییە جوانە و لوبنان، ببینم.»

26بەڵام یەزدان بەهۆی ئێوەوە لێم هەڵچوو و گوێی لێ نەگرتم، بەڵکو یەزدان پێی فەرمووم: «بەسە! ئیتر لەبارەی ئەم بابەتەوە لەگەڵم مەدوێ، 27سەربکەوە بۆ لووتکەی پسگە و بەرەو ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات سەر بڵند بکە و بە چاوەکانت خاکەکە ببینە، بەڵام لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە، 28ئەرکیش بە یەشوع بسپێرە و بەهێزی بکە و هانی بدە، چونکە ئەو لەپێش ئەم گەلە دەپەڕێتەوە و ئەو خاکەکەیان بۆ دابەش دەکات کە تۆ دەیبینیت.» 29جا لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ماینەوە.