Kurdi Sorani Standard

دواوتار 20:1-20

چوون بۆ جەنگ

1کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان. 2کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات، 3پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت، 4چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.»

5ئینجا کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە. 6کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات. 7کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.» 8ئینجا دووبارە کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.» 9کاتێک کوێخاکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.

10کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن. 11جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری20‏:11 بێگاری: واتە بە زۆرەملێ.‏ و کارت بۆ دەکەن. 12بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن. 13کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن، 14بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانکردنەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا. 15ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین.

16بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە. 17بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن20‏:17 بە تەواوی لەناویان دەبەن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، 18نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن.

19ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟ 20بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت.