Kurdi Sorani Standard

دواوتار 11:1-32

خۆشویستن و پاراستنی فەرمانەکانی یەزدان

1یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و خواست و فەرز و یاسا و فەرمانەکانی هەمیشە بەجێبهێنن. 2بزانن کە پەیامەکەم بۆ ئێوەیە، نەک بۆ منداڵەکانتان کە ئەزموونی تەمبێکردنی یەزدانی پەروەردگاریان نییە. ئێوە کە مەزنێتی و دەستی پۆڵایین و بازووە بەهێزەکەی ئەوتان بینیوە؛ 3نیشانە و کارەکانی کە لە میسر بە فیرعەونی پاشای میسر و بە هەموو خاکەکەی کرد، 4ئەوەی بە ئەسپ و گالیسکەکانی سوپای میسری کرد کاتێک بەدواتان کەوتن، بە شەپۆلەکانی دەریای سووری پێچایەوە و بە تەواوی لەناوی بردن. 5هەروەها منداڵەکانی ئێوە نەبوون، بەڵکو ئێوە بوون کە بە چاوی خۆتان ئەوەتان بینی کە لە دەشتودەر بۆی کردن هەتا هاتنە ئەم شوێنە و 6ئەوەی بە داتان و ئەبیرامی کرد، دوو کوڕەکەی ئەلیابی ڕەئوبێنی، کاتێک لەناوەندی هەموو ئیسرائیلدا زەوی دەمی کردەوە و بە ماڵەکانیان و چادرەکانیان و هەموو ئەو شتە زیندووانەی هی ئەوان بوون هەڵیلووشی. 7ئێوە بە چاوی خۆتان هەموو کردارە مەزنەکانی یەزدانتان بینی کە کردی.

8هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بۆ ئەوەی بەهێز بن و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا ببنە خاوەنی، 9هەروەها بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەسەر ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ، بۆ خۆیان و نەوەکانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 10ئەو خاکەی کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، وەک خاکی میسر نییە کەوا بەجێتان هێشت، ئەو شوێنەی تۆوتان لێ دەچاند و بە پێیەکانتان ئاوتان دەدا11‏:10 لە میسردا بۆ ئاودێری زەوی و زار، لە جۆگەکانەوە یان کەنداوەکانەوە بەهۆی زنجیرەیەک جەنجەڕی ئاو هەڵێنجانەوە بووە، کە بەهۆی پێیەکانیانەوە دەیانسووڕاندەوە.‏ وەک باخی سەوزەوات. 11بەڵکو ئەو خاکەی ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکی چیا و دۆڵە، لە بارانی ئاسمان ئاو دەخواتەوە. 12خاکێک یەزدانی پەروەردگارتان بایەخی پێدەدات؛ چاوەکانی یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرەتای ساڵ هەتا کۆتایی بە بەردەوامی لەسەریەتی.

13جا ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانم بوون کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە بیپەرستن، 14ئەوا بارانی زەوییەکەتان، پاییزە باران و بەهارە باران لە وەرزی خۆیدا دەدەم، ئێوەش دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان کۆدەکەنەوە. 15لە کێڵگەکانتان گیا بۆ ئاژەڵەکانتان دابین دەکەم، ئێوەش هەمیشە خۆراکی پێویستتان دەبێت و تێر دەبن.

16بۆیە ئاگاداربن نەوەک دڵتان بخەڵەتێت و لابدەن و خودای دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن. 17جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و ئاسمان دادەخرێت و باران نابارێت و زەوی بەروبووم نادات، ئێوەش بە خێرایی لەو خاکە چاکەی یەزدان پێتانی دەدات لەناودەچن. 18جا ئەم وشانەم لەسەر دڵ و گیانتان دابنێن و وەک نیشانە لەسەر دەستتانی ببەستن و با گوڵنگ بن بە ناوچەوانتانەوە. 19منداڵەکانیشتان فێر بکەن و پێی بدوێن کاتێک لە ماڵەکانتان دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، 20لەسەر چوارچێوەی دەرگاکانی ماڵەکەت و لەسەر دەرگاکانی حەوشەکەت بینووسە، 21بۆ ئەوەی ڕۆژانی خۆت و منداڵەکانت زیاد بکات لەسەر ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانت خوارد بیانداتێ هەروەک بەردەوامی ئاسمان بەسەر ڕووی زەویدا.

22ئەگەر هۆشیار بوون و هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بیکەن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و دەستی پێوە بگرن، 23ئەوا یەزدان هەموو ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات و ئێوە دەبنە میراتگری گەلانی لە خۆتان گەورەتر و بەهێزتر. 24هەر شوێنێک لەپی پێتان لێ دانا دەبێتە هی ئێوە، سنوورتان لە دەشتودەر و لوبنانەوە، لە ڕووبارەکەوە، ڕووباری فورات هەتا دەریای ڕۆژئاوا دەبێت. 25هیچ کەس ناتوانێت لە دژتان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارتان ترس و سامتان دەخاتە سەر هەموو ئەو زەوییەی پێی لێ دەنێن، هەروەک بەڵێنی پێدان.

26بڕوانە، من ئەمڕۆ بەرەکەت و نەفرەت لەبەردەمتان دادەنێم، 27بەرەکەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، 28نەفرەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان نەبن و لەو ڕێگایەی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لاتان دا هەتا بەدوای خودای دیکە بکەون کە نەتانناسیوە. 29جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارت تۆی هێنایە ئەو خاکەی کە تۆ دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت، ئەوا بەرەکەتەکان لەسەر کێوی گەریزیم ڕابگەیەنە و نەفرەتەکانیش لەسەر کێوی عێبال. 30وەک دەزانن ئەم کێوانە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوەن، لە ڕۆژئاوای ڕێگاکە بەرەو خۆرئاوابوون، لە خاکی کەنعانییەکانی کە لە عەراڤادا نیشتەجێن، بەرامبەر گلگال لەتەنیشت دار بەڕووەکانی مۆرە، 31چونکە ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات و دەستی بەسەردا بگرن. کاتێک دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، 32ملکەچی هەموو ئەو فەرز و یاسایانە بن کە من ئەمڕۆ لەبەردەمتانی دادەنێم هەتا بیکەن.