Kurdi Sorani Standard

دانیال 8:1-27

بەران و تەگە لە بینینەکە

1من کە دانیالم، لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی بێلشەسر، لەپاش ئەو بینینەی کە ماوەیەک لەمەوپێش بۆم ئاشکرا کرابوو، بینینێکی دیکەشم بۆ ئاشکرا کرا. 2لە بینینەکەمدا سەیرم کرد لە قەڵای شوشم، ئەوەی لە هەرێمی ئیلامە. لە بینینەکەدا لەلای نۆکەندی ئولای بووم. 3چاوم هەڵبڕی و بینیم بەرانێک لەلای نۆکەندەکە ڕاوەستاوە و دوو قۆچی هەیە، هەردوو قۆچەکە درێژ بوون، یەکێکیان لەوەی دیکەیان درێژتر بوو، هەرچەندە دواتر سەری دەرهێنابوو. 4بینیم بەرانەکە بەلای ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا قۆچ دەوەشێنێت، هیچ گیانلەبەرێکیش لە ڕووی نەوەستایەوە، هیچ لە دەستی دەرباز نەبوو، ئەوەی پێی خۆشبوو کردی و مەزن بوو.

5لەو کاتەدا کە ڕامابووم تەگەیەک8‏:5 نێری، سابرێن.‏ لە ڕۆژئاواوە بەسەر زەویدا دەهات و پێیەکانی بەر زەوی نەدەکەوت، تەگەکە شاخێکی بەرزی هەبوو لەنێوان هەردوو چاوی. 6چووە لای ئەو بەرانەی کە دوو قۆچی هەبوو، ئەوەی بینیم لەلای نۆکەندەکە وەستابوو، زۆر بە تووڕەییەوە هێرشی کردە سەری. 7بینیم گەیشتە سەر بەرانەکە و بەربووە سەری و لە بەرانەکەی دا، دوو قۆچەکەی شکاند. بەرانەکە هێزی ئەوەی نەبوو لەبەردەمی ڕابوەستێت، تەگەکە فڕێیدایە سەر زەوی و پێی لێنا، بەرانەکە کەسی نەبوو لە دەستی دەربازی بکات. 8ئینجا تەگەکە زۆر خۆی بە زل زانی، بەڵام کاتێک لەخۆبایی بوو شاخە گەورەکەی شکا، لە جێی ئەو شاخەش چوار شاخی گەورەتر بەرەو چوار باکەی ئاسمان دەرچوون.

9لە یەکێک لەوانەوە شاخێکی بچکۆلە دەرکەوت، ڕووەو باشوور و ڕۆژهەڵات و خاکە دڵگیرەکە8‏:9 مەبەستی لە خاکی ئیسرائیلە.‏ گەشەی کرد. 10زۆر بەهێز بوو، تەنانەت گەیشتە هێزەکانی ئاسمانیش، هەندێک لە هێز و ئەستێرەکانی فڕێدایە خوارەوە بۆ سەر زەوی و پێی لێنان. 11خۆی بە گەورە زانی تاوەکو خۆی یەکسان بکات بە خودای سوپاسالاری ئاسمان. قوربانی ڕۆژانە لەکارخرا و پیرۆزگاکەی وێران کرا. 12لەبەر یاخیبوون، سوپا پیرۆزەکان و پێشکەشکردنی قوربانی ڕۆژانە درانە دەستی شاخەکە. ڕاستی خرایە ژێر پێ، شاخەکەش لە هەموو ئەوەدا سەرکەوتوو بوو کە کردی.

13ئینجا گوێم لە فریشتەیەکی پیرۆز بوو قسەی دەکرد، فریشتەیەکی پیرۆزی دیکە بەوی دەگوت: «ڕووداوەکانی ئەم بینینە کەی دێنە دی؟ هەتا کەی قوربانی ڕۆژانە لەکاردەخەن؟ هەتا کەی یاخیبوون بەردەوام دەبێت لە کاولبوونی پیرۆزگا و پێشێلکردنی سوپا پیرۆزەکە؟»

14ئەویش پێی گوتم: «دوو هەزار و سێ سەد بەیانی و ئێوارە، ئینجا پیرۆزگا دەگەڕێتەوە باری پیرۆزی خۆی.»

لێکدانەوەی بینینەکە

15من دانیالم، هێشتا خەریکی سەیرکردنی بینینەکەم و هەوڵدەدەم کە لێی تێبگەم، ئەوەتا یەکێک لە شێوەی پیاوێک لەبەردەمم ڕاوەستاوە. 16گوێم لە دەنگی مرۆڤێک بوو لەلای نۆکەندی ئولایەوە بانگی کرد و گوتی: «ئەی جبرائیل8‏:16 جبرائیل: لە زمانی عیبری بە واتای پیاوی خودا دێت.‏، واتای بینینەکە لەم پیاوە بگەیەنە.»

17ئەویش هاتە ئەو شوێنەی کە لێی ڕاوەستابووم، کاتێک هات ترسام و بەسەر ڕوومدا کەوتم. پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بزانە کە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتاییە.»

18کاتێک قسەی لەگەڵم دەکرد کەوتبوومە خەونێکی قووڵەوە و ڕووم ڕووەو زەوی بوو. ئینجا دەستی لێدام و هەڵیستاندمە سەر پێ.

19گوتی: «من پێت دەڵێم کە لە کاتی تووڕەیی چی ڕوودەدات، چونکە بینینەکە سەبارەت بە سەردەمی کۆتایی دیاریکراوە. 20ئەو بەرانەی کە بینیت دوو قۆچی هەبوو، ئەوە پاشاکانی ماد و فارسە. 21تەگەکە پاشای یۆنانە، ئەو قۆچە گەورەیەش کە لەنێوان هەردوو چاوی بوو یەکەمین پاشایە. 22بەڵام ئەو چوار قۆچەی کە لە شوێنی قۆچە شکێنراوەکە پەیدابوون، ئەوا چوار پاشایەتی لە نەتەوەکەی ئەوەوە پەیدا دەبن، بەڵام هەمان هێزی ئەویان نابێت.

23«لە دوایین پاشایەتییان، کاتێک یاخیبوون لە دژی خودا دەگاتە ئەوپەڕی، پاشایەکی ڕوو وشک و فێڵباز پەیدا دەبێت. 24هێزی زۆر دەبێت، بەڵام نەک بە هێزی خۆی، لە ڕادەبەدەر وێرانکاری دەکات و سەرکەوتوو دەبێت لە هەرچی بیەوێت بیکات. تواناداران و گەلە پیرۆزەکە لەناودەبات. 25بە تەڵەکەبازی وا دەکات فێڵبازی سەرکەوتوو بێت، دڵی لەخۆبایی دەبێت. کاتێک لە ئاسوودەییدا زۆران لەناودەبات و لە دژی میری میران دەوەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکدەشکێنرێت، بەڵام بەبێ هێزی مرۆڤانە.

26«ئەو بینینەی ئێوارە و بەیانی کە بە تۆ درا ڕاستە، بەڵام تۆ بینینەکە بە نهێنی بهێڵەوە، چونکە بۆ داهاتووی دوورە.»

27من کە دانیالم، بۆ چەند ڕۆژێک بێهێز و لاواز بووم، ئینجا هەستام و دەستم کردەوە بە کاروبارەکانی پاشا. واقم وڕمابوو لە بینینەکە، لە سەرووی تێگەیشتنەوە بوو.