Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 9:1-21

1بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی ناجولەکەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون.

2ئەو گەلەی لە تاریکیدا دەڕۆیشت،

ڕووناکییەکی گەورەی بینی،

دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ

ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.

3ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و

خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی،

لەبەردەمت دڵخۆش بوو

وەک خۆشی کاتی دروێنە،

وەک ئەوانەی شاد دەبن

بە دابەشکردنی دەستکەوت.

4لەبەر ئەوەی نیری بارگرانی ئەو و

داری پشتی ئەو و

کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت

وەک ڕۆژی میدیان شکاند.

5هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و

بەرگی لەناو خوێن گەوزاو

بۆ سووتان دەبێت،

سووتەمەنییە بۆ ئاگر،

6چونکە کوڕێکمان دەبێت،

کوڕێکمان پێدەدرێت و

سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی.

ناوی لێ دەنرێت

سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بە توانا،

باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.

7گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی

بێ کۆتایی دەبێت.

لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی

پاشایەتی دەکات

بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی،

بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی

لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.

تووڕەیی یەزدان لە دژی ئیسرائیل

8پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و

بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.

9گەل هەموو دەزانن،

ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە،

بە لووتبەرزی و

فیزی دڵەوە دەڵێن:

10«خشت ڕووخا،

بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە،

هەنجیرە کێوی بڕایەوە،

بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»

11یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت،

ناحەزانی جۆش دەدات.

12ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە

پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،

هێشتا دەستی درێژکردووە.

13گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی،

ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.

14یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت،

دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،

15پیر و پیاوماقوڵ سەرەکەن،

ئەو پێغەمبەرانەی کە فێرکردنی درۆیین فێر دەکەن کلکەکەن.

16ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار،

ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.

17لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان،

بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان،

چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن،

هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،

هێشتا دەستی درێژکردووە.

18بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت،

دڕکوداڵ دەخوات،

گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات،

ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.

19بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار

خاکەکە دەسووتێت،

گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر،

پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.

20لای ڕاست لێ دەکاتەوە و

هەر برسییە،

لای چەپ دەخوات و

تێر نابێت.

پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:

21مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە،

هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،

هێشتا دەستی درێژکردووە.