دەرچوون 35:1-35, دەرچوون 36:1-38 KSS

دەرچوون 35:1-35

فەرمانی ڕۆژی شەممە

موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن، شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت. لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»

کەلوپەلەکانی چادری پەرستن

هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت:

«لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛

ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ،

کەتانی ناسک و مووی بزن؛

پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا

و داری ئەکاسیا؛

زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛

بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛

بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.

«با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:

«چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛

سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛

مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛

چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛

قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛

پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛

قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی

و حەوزەکە و ژێرەکەی؛

پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛

سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛

جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»

ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە. دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان. هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە. هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای. کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا. هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش ڕیسی بەدەست ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست. سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا. هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش. هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک، بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک. فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە. پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان.

Read More of دەرچوون 35

دەرچوون 36:1-38

ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»

ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن. هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا. ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا و پێیان گوت: «گەل زیاد لە پێویست دەهێنن بۆ ئەو کارەی کە یەزدان فەرمانی بە کردنی کردووە.»

ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا و گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت بۆ پیتاکی پیرۆزگا دروست نەکات.» جا گەل لە هێنان وەستان، چونکە ئەو کەرەستانەی کە پێشتر هێنرابوون بەشی هەموو کارەکانی دەکرد و زیاتریش بوو.

چادری پەرستن

هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان36‏:8 ئەو پارچە ڕستراوانەی کە ڕەشماڵ یان چادری پێ دروستدەکرێ.‏ لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان36‏:8 کەڕوب: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ، بڕوانە 25‏:18 و عیبرانییەکان 9‏:5‏.‏ بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن. درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو،36‏:9 پڵاس: بڕوانە 26‏:2. درێژایی نزیکەی 12,5 مەتر و پانییەکەی 1,8 مەتر.‏ یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە. ئەڵقەشیان لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتیان بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد. پەنجا ئەڵقەیان بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون. پەنجا فاقی36‏:13 فاق: گیرە.‏ زێڕیشیان دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.

هەروەها ڕەشماڵێکیان لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنیان پێ گرت. درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ36‏:15 سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.‏ و پانی چوار باڵ36‏:15 چوار باڵ: نزیکەی 1,8 مەتر.‏ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. پێنجیان لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە. پەنجا ئەڵقەیان لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. پەنجا فاقی بڕۆنزیشیان دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە. پۆشەرێکیشیان لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.

چوارچێوەشیان36‏:20 چوارچێوەکان: بۆ ڕاگرتنی.‏ لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد. درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.36‏:21 هەر چوارچێوەیەک: درێژییەکەی نزیکەی 4,5 مەتر و پانییەکەی 70 سانتیمەتر. بڕوانە 26‏:16.‏ دوو زمانەشیان بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوایان کرد. چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستکرد، چل بنکەی زیویشیان لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. بیست چوارچێوەیان بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد. چل بنکەی زیویشیان هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، دوو چوارچێوەشیان بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد. لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوایان کرد. ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.

پێنج کاریتەشیان لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. کاریتەکەی ناوەڕاستیشیان وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. چوارچێوەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشیان لە زێڕ دروست کرد کە کاریتەکانی دەچنە ناو، کاریتەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد.

پەردەیەکیشیان لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانیان لەسەر دروستکرد. چوار کۆڵەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشیان بۆ داڕشتن. پەردەی دەروازەشیان بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک، پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.

Read More of دەرچوون 36