یەکەم یۆحەنا 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم یۆحەنا 5:1-21

باوەڕهێنان بە مەسیح

1هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. 2بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. 3ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، 4چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت. ئەو سەرکەوتنەش کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. 5کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

6ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە. 7ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن: 8ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن. 9ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 10ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 11ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. 12ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.

دڵنیایی ژیانی هەتاهەتایی

13ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە. 14ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی ئەو داوای هەر شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت. 15ئەگەر بزانین هەرچییەک داوا بکەین گوێمان لێ دەگرێت، ئەوا دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە.

16ئەگەر کەسێک خوشک یان برایەکی لە کاتی ئەنجامدانی گوناهێکدا بینی کە بەرەو مردنی نەبات5‏:16 ئەو گوناهەی کە مرۆڤ لە ژیانی هەتاهەتایی دادەبڕێت، بڕوانە مەتا 12‏:32، پێویستە لەسەری لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، خوداش ژیانی دەداتێ. مەبەستم ئەوانەیە گوناه دەکەن کە بەرەو مردن نییە. گوناه هەیە بەرەو مردنە،5‏:16 هەندێک گوناه کە بە ئەنقەست دەکرێن مرۆڤ بەرەو گومڕایی و مردنی ڕۆحیی دەبات.‏ بۆ ئەمە ناڵێم داوا بکرێت.5‏:16 بڕوانە مەتا 12‏:31‏،32‏.‏ 17هەموو ناڕەواییەک گوناهە بەڵام گوناهیش هەیە بەرەو مردن نییە.

18دەزانین هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، بەڵکو ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە خۆی دەپارێزێت و شەیتان دەستی لێ نادات. 19دەزانین لە خوداوەین و هەموو جیهان لەژێر دەستی شەیتاندا دانراوە. 20هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.

21ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.