یەکەم یۆحەنا 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم یۆحەنا 2:1-29

مەسیح داکۆکیکارمانە

1ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، ئەمانەتان بۆ دەنووسم تاکو گوناه نەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک گوناهی کرد، ئەوا لەلای باوک داکۆکیکارمان2‏:1 هەمان وشەیە لە یۆحەنا 14‏:16‏دا هاتووە بە (یارمەتیدەر).‏ هەیە کە عیسای مەسیحی ڕاستودروستە. 2ئەو کەفارەتی2‏:2 ئەم قوربانییەیە کە تووڕەیی خودا لادەدات.‏ گوناهەکانمانە، نەک تەنها هی ئێمە، بەڵکو گوناهەکانی هەموو جیهان.

3بەمەدا دەزانین کە ئەومان ناسیوە، ئەگەر کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین. 4ئەوەی دەڵێت: «ناسیومە» بەڵام ڕاسپاردەکانی بەجێناگەیەنێت، ئەوا درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە. 5بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین: 6هەرکەسێک بڵێت: «من بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژیم»، ئەوا دەبێت بەو شێوەیە بژیێت کە عیسا ژیاوە.

ڕاسپاردەیەکی نوێ

7خۆشەویستان، ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو ڕاسپاردەیەکی کۆن کە هەر لە سەرەتاوە هەتانبوو. ڕاسپاردە کۆنەکە ئەو پەیامەیە کە لە سەرەتادا گوێتان لێی بوو. 8لەگەڵ ئەوەشدا ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ دەنووسم، ئەو ڕاستییەی کە لە مەسیح و ئێوەدا هەیە، چونکە تاریکی بەسەردەچێت، وا ڕووناکییە ڕاستەقینەکە پڕشنگ دەداتەوە.

9ئەوەی دەڵێت: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی دەبێتەوە، ئەوا هەتا ئێستا لە تاریکیدایە. 10هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات. 11بەڵام ئەوەی ڕقی لە خوشک یان برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.

12ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوە دەنووسم،

چونکە لەبەر ناوی ئەو گوناهەکانتان بەخشرا.

13ئەی باوکان، بۆ ئێوە دەنووسم،

چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.

ئەی لاوان، بۆ ئێوە دەنووسم،

چونکە بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.

14ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوەم نووسی،

چونکە خودای باوک دەناسن.

ئەی باوکان، بۆ ئێوەم نووسی،

چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.

ئەی لاوان، بۆ ئێوەم نووسی،

چونکە بەهێزن،

پەیامی خوداتان تێدا چەسپاوە و

بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.

15نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە. 16لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن. 17جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.

ئاگاداری دژە مەسیحەکان بن

18ڕۆڵەکان ئەمە دوا کاتژمێرە. وەک بیستووتانە دژە مەسیح دێت، ئێستاش زۆر دژە مەسیح هاتوون، بەمەدا دەزانین دوا کاتژمێرە. 19ئەوان لێمان جیا بوونەوە، بەڵام بەڕاستی سەر بە ئێمە نەبوون، چونکە ئەگەر سەر بە ئێمە بوونایە، لەگەڵمان دەمانەوە، بەڵام چوون بۆ ئەوەی دەریبخەن کە کەسیان سەر بە ئێمە نین.

20بەڵام مەسیحی پیرۆز بە ڕۆحی خۆی دەستنیشانی کردن2‏:20 یۆنانی: ئێوەش لەلایەن پیرۆزەکەوە دەستنیشانکردنتان هەیە. بڕوانە لۆقا 4‏:18‏.‏ و هەمووتان ڕاستی دەزانن. 21من ئەمەتان بۆ نانووسم لەبەر ئەوەی کە ڕاستی نازانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕاستی دەزانن و دەشزانن کە هیچ درۆیەک لە ڕاستییەکەوە نایەت. 22کێ درۆزنە؟ ئەوەی نکۆڵی بکات کە عیسا مەسیحەکەیە. ئەوە دژە مەسیحە کە نکۆڵی لە باوک و کوڕەکە دەکات. 23هەرکەسێک نکۆڵی لە کوڕەکە بکات باوکی نابێت، ئەوەش دان بە کوڕەکەدا بنێت باوکی دەبێت.

24پەیوەست بن بەوەی لە سەرەتادا بیستتان. ئەگەر بەمەوە پەیوەست بن، ئەوا بە کوڕەکە و باوکەوە پەیوەست دەبن. 25ئەمەیە ئەو بەڵێنەی ئەو پێیداوین، ژیانی هەتاهەتایی.

26ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی لەبارەی ئەوانەی هەوڵ دەدەن چەواشەتان بکەن. 27بەڵام ئێوە ئەو دەستنیشانکردنەی کە لە مەسیحتان وەرگرتووە بە ئێوەوە پەیوەست بووە، لەبەر ئەوە پێویستتان بە مرۆڤ نییە فێرتان بکات، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز هەموو شتێکتان فێردەکات. ئەم دەستنیشانکردنە ڕاستە و درۆ نییە، بۆیە پەیوەست بن بە مەسیحەوە وەک ڕۆحی پیرۆز فێری کردوون2‏:27 بڕوانە یۆحەنا 15‏:4‏.‏.

28ئێستا ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح پەیوەست بن تاکو کاتێک ئەو دەردەکەوێت متمانەمان هەبێت و لە هاتنەوەکەی شەرمی لێ نەکەین.

29ئەگەر بزانن ئەو ڕاستودروستە، دەزانن کە هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو بکات لە ئەوەوە لەدایک بووە.