یەکەم یۆحەنا 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم یۆحەنا 1:1-10

1ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی1‏:1 وشە: لە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت لۆگۆس‏ کە واتایەکی فراوانی هەیە، بەڵام لێرەدا مەبەست لەو پەیامەیە کە ژیان دەبەخشێت. بڕوانە ئینجیلی یۆحەنا 1‏:1.‏ ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا. 2ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت. 3ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی هاوبەشمان هەبێت، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. 4ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.

خودا ڕووناکییە

5ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکییەکی تێدا نییە. 6ئەگەر بڵێین لەگەڵیدا پێکەوە دەژین و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، 7بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.

8ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. 9ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە. 10ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە، ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.