یەکەم کۆرنسۆس 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 9:1-27

مافی نێردراوان

1ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای خاوەن شکۆمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە ئەنجامی ئەو کارە نین کە یەزدان لە ڕێگەی منەوە کردوویەتی؟ 2ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە ئێوە مۆری نێردراویێتی منن لە مەسیحدا.

3بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم: 4ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ 5ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس9‏:5 یۆنانی: کێفاس‏.‏؟ 6یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟

7کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازیی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟ 8ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟ 9چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.﴾9‏:9 دواوتار 25‏:4.‏ ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟ 10بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت. 11ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟ 12ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان9‏:12 مەبەستی پشتگیری ماددییە.‏ لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟

بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ بخەینە بەردەم مزگێنیی مەسیح.

13ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟ 14بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە.

15بەڵام هیچ یەکێک لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. ئەوانەش نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە. 16ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم! 17ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ. 18ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم.

19هەرچەندە سەربەستم و سەر بە هیچ کەسێک نیم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زۆر کەس بۆ مەسیح بەدەستبهێنم. 20بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە بەدەستبهێنم. بۆ ئەوانەی لەژێر سایەی شەریعەتن9‏:20 شەریعەتی موسا.‏، خۆم وەک کەسێک لێکرد کە لەژێر سایەی شەریعەتدا بێت، هەرچەندە لەژێر سایەی شەریعەتدا نیم، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە لەژێر سایەی شەریعەتن. 21بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، خۆم وەک بێ شەریعەت لێکرد، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر سایەی شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە بێ شەریعەتن. 22بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان بەدەستبهێنم. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک بێت هەندێک ڕزگار بکەم. 23هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار9‏:23 بەشداری لە بەرەکەتی ئینجیلی مەسیح.‏ بم.

24ئایا نازانن هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپان ڕادەکەن، هەموو ڕادەکەن، بەڵام تەنها یەکێک خەڵات دەکرێت؟ کەواتە ڕابکەن تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. 25هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە. 26کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم. 27بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.