یەکەم کۆرنسۆس 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 8:1-13

قوربانیی بتەکان

1سەبارەت بە قوربانیی بتەکان، دەزانین کە «هەموومان زانیاریمان هەیە.» زانیاری دەبێتە هۆی لووتبەرزی، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت. 2ئەگەر کەسێک پێی وابوو کە شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا بەو شێوەیە نایزانێت کە دەبێت بیزانێت. 3بەڵام ئەگەر کەسێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای خودا ناسراوە.

4جا سەبارەت بە خواردنی قوربانیی بتەکان، دەزانین کە بت8‏:4 هیچ بتێک لە جیهاندا بوونێکی ڕاستەقینەی نییە.‏ لە جیهاندا هیچ نییە و تەنها یەک خودا هەیە. 5ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە، 6بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەو دەژین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوەیە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە دەژین.

7بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە. 8بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.

9بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان8‏:9 بڕوانە 8‏:7.‏. 10ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟ 11جا بەهۆی زانیاریتەوە، ئەو خوشک یان برا لاوازەت لەناودەچێت، کە مەسیح لە پێناویدا مرد. 12ئاواش گوناه لە دژیان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن. 13لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشک و براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆیان.