یەکەم کۆرنسۆس 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 5:1-13

حوکمدانی داوێنپیس

1لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت!5‏:1 ژیان و پەیوەندی ژن و مێردانە.‏ 2ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟ 3هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح ئامادەم. وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە، وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم: 4بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە، 5ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان5‏:5 بدرێتە دەست شەیتان: واتا لە کڵێسا دەربکرێت بۆ ئەوەی تۆبە بکات.‏ تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت.

6شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟ 7خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە بەڕاستی فەتیرەن. لەبەر ئەوەی مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا. 8کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی.

9من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن، 10مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە. 11بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن.

12بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ 13ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. ﴿خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.﴾5‏:13 دواوتار 17‏:7؛ 19‏:19؛ 21‏:21.‏