یەکەم کۆرنسۆس 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 4:1-21

نێردراوانی مەسیح

1بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن. 2جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن. 3بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم. 4هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات. 5کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.

6خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە. 7کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟

8وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا!4‏:8 لێرەدا نووسەر بە گاڵتەکردنەوە قسە دەکات.‏ خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد! 9چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە4‏:9 کەژاوەی گەڕانەوەی لەشکری سەرکەوتوو و دیلەکانیش لە دواوەن.‏ دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بەسەردا درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک. 10لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە4‏:10 بەهۆی مەسیحەوە لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏ بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین! 11هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین. 12بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێینەوە و بەرگە دەگرین. 13بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.

14ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە. 15تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە من بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی. 16جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە. 17لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەتان بەبیر دەهێنێتەوە کە من بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پەیڕەوی دەکەم، هەروەک لە هەموو شوێن و کڵێسایەک خەڵکی فێر دەکەم.

18هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان 19بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان، 20چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە. 21چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟