یەکەم کۆرنسۆس 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 14:1-40

بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا

1بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا. 2ئەوەی بە زمانی ڕۆحی14‏:2 بڕوانە 12‏:10.‏ دەدوێت، قسە بۆ خەڵک ناکات، بەڵکو بۆ خودا، کەس لێی تێناگات، چونکە بە ڕۆحی پیرۆز باسی نهێنی دەکات. 3بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوە بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنەوایی خەڵک دەدوێت. 4ئەوەی بە زمان دەدوێت، خۆی بنیاد دەنێت، بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوا کڵێسا بنیاد دەنێت. 5حەز دەکەم هەمووتان بە زمانەکان بدوێن، بەڵام باشترە پەیامی خودا ڕابگەیەنن. ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت گەورەترە لەوەی بە زمانەکان دەدوێت، مەگەر لێکی بداتەوە، تاکو کڵێسا بنیادنانی دەستبکەوێت.

6ئێستا ئەی خوشک و برایانم، ئەگەر هاتمە لاتان و بە زمانەکان دوام، چ سوودێکم بۆتان دەبێت، مەگەر بە ئاشکراکراوێک14‏:6 پەیامێکی ڕاستەوخۆ لە خوداوە بۆ مرۆڤێک.‏ یان بە زانیارییەک یان بە پەیامێک لە خوداوە یان بە فێرکردنێک بۆتان بدوێم؟ 7تەنانەت ئەو شتە بێ ڕۆحانەی دەنگ دەردەکەن، شمشاڵ یان قیسارە، ئەگەر ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن بزانرێت ئەوەی دەژەنرێت شمشاڵە یان قیسارەیە؟ 8ئەگەر کەڕەنا دەنگێکی ڕوون نەدات، کێ بۆ شەڕ خۆی ئامادە دەکات؟ 9ئێوەش ئاوا، ئەگەر بە زمان قسەیەکی ڕوون نەکەن، ئەوەی گوتراوە چۆن دەزانرێ؟ چونکە هەر لە هەوادا دەدوێن. 10بێگومان لە جیهاندا چەندین جۆر زمان هەیە و هیچیان بێ واتا نین. 11بۆیە ئەگەر لەو زمانە تێنەگەم کە قسەی پێ دەکرێت، بۆ قسەکەر دەبمە بەربەری14‏:11 بەربەری: ئەو کەسانەی کە بە زمانی یۆنانی قسە ناکەن، بە کەسانی ناڕۆشنبیر هەژماردکراون.‏، قسەکەریش بەربەرییە بۆ من، 12ئێوەش بە هەمان شێوەن. لەبەر ئەوەی بە پەرۆشن بۆ بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز، کەواتە هەوڵ بدەن لەو بەهرانە زیاد بکەن کە لە پێناوی بنیادنانی کڵێسایە.

13لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی بە زمان دەدوێت، با نوێژ بکات تاکو لێکی بداتەوە، 14چونکە ئەگەر بە زمانێک نوێژ بکەم، ڕۆحم نوێژ دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەروبوومە. 15کەواتە چی بکەم؟ بە ڕۆح نوێژ دەکەم، هەروەها بە مێشکیشم نوێژ دەکەم. بە ڕۆح گۆرانی دەڵێم، هەروەها بە مێشکیشم گۆرانی دەڵێم. 16ئەگینا، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز ستایشی خودا بکەیت، چۆن کەسێکی ناشارەزا بە سوپاسکردنەکەت بڵێت «ئامین»، کە نازانێت تۆ چی دەڵێی؟ 17سوپاسکردنەکەت باشە، بەڵام نابێتە مایەی بنیادنانی کەسێکی دیکە.

18سوپاسی خودا دەکەم کە لە هەمووتان زیاتر بە زمانەکان دەدوێم، 19بەڵام لە کڵێسادا، ئەو پێنج وشە ڕوونەی کە دەبێتە هۆی فێرکردنی خەڵکی، باشترە لە دە هەزار وشەی بە زمانێک.

20خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵام لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن. 21لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ،

«﴿بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان

قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم،

لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.﴾14‏:21 ئیشایا 28‏:11‏-12»

22کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە. 23بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەرکەسێکی ناشارەزا یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟ 24بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود کەسێکی ناشارەزا بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت، 25نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!»

کۆبوونەوەی ڕێکوپێک

26ئەی خوشک و برایان، ئیتر چی بڵێین؟ کاتێک کۆدەبنەوە هەر یەکێک لە ئێوە زەبوورێک، فێرکردنێک ئاشکراکردنێک، زمانێک یان لێکدانەوەیەکی هەیە. با هەموو شتێک بۆ بنیادنان بێت. 27ئەگەر کەسانێک بە زمانێک بدوێن، با دوو یان ئەوپەڕی سێ کەس بن و لەدوای یەک بدوێن، کەسێکیش لێکی بداتەوە. 28بەڵام ئەگەر لێکدەرەوە نەبوو، با لە کڵێسا بێدەنگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت.

29با دوو یان سێ پێغەمبەر بدوێن، ئەوانی دیکەش وتەکانیان هەڵبسەنگێنن. 30بەڵام ئەگەر ئاشکراکردنێک بۆ یەکێک لە دانیشتووان هات، با یەکەمیان بێدەنگ بێت، 31چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پەیامی خودا ڕابگەیەنن، تاکو هەموو فێربن و هانبدرێن. 32ڕۆحی پێغەمبەران بۆ پێغەمبەران ملکەچە، 33چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە.

هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا، 34با ژنان لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکو وەک تەوراتیش دەفەرموێ با ملکەچ بن. 35بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەییە بۆ ژن لە کڵێسادا بدوێت.14‏:35 مەبەستی ئەوەیە کە فێرکردن و سەرپەرشتیکردنی کڵێسا لە دەسەڵاتی پیاودایە.‏

36ئایا پەیامی خودا لە ئێوەوە سەرچاوەی گرتووە، یان تەنها بۆ ئێوە هاتووە؟ 37ئەگەر یەکێک خۆی بە پێغەمبەر یان کەسێکی ڕۆحانی بزانێت، با باش بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم ڕاسپاردەی مەسیحی باڵادەستە. 38بەڵام ئەگەر یەکێک پشتگوێی خست، با هەر پشتگوێ بخرێت.

39کەواتە خوشک و برایانم، تامەزرۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بن و ڕێگری مەکەن لە دوان بە زمانەکان. 40بەڵام با هەموو شتێک بە دروستی و ڕێکوپێکی بێت.