یەکەم کۆرنسۆس 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 12:1-31

بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز

1خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە. 2دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران. 3بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.

4جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە، 5جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە، 6جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات.

7بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەرکەسێک لە پێناو سوودمەندی گشتیی دەدرێت. 8جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح. 9بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح، 10یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمانی ڕۆحی12‏:10 قسەکردنێکی ڕۆحی بۆ خودا کە مرۆڤ ناتوانێت لێی تێبگات، پێویستە لەلایەن یەکێکەوە لێک بدرێتەوە کە بەهرەی لێکدانەوەی هەیە.‏، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان. 11ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت.

یەک لەش و ئەندامی زۆر

12هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، 13چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە. 14لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.

15ئەگەر قاچ بڵێت: «لەبەر ئەوەی دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ 16ئەگەر گوێ بڵێت: «لەبەر ئەوەی چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ 17ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی گوێ بووایە، ئەی کوا بۆنکردن؟ 18بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی. 19ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟ 20جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.

21چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.» 22بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە، 23ئەو ئەندامەی لەش کە وا دەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین، 24بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز، 25تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. 26ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.

27ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون. 28خودا لە کڵێسادا خەڵکێکی دانا: یەکەم جار نێردراوان، دووەم پێغەمبەران، سێیەم فێرکاران، ئینجا پەرجووکاری، دوای ئەوە بەهرەکانی چاککردنەوە و توانای یارمەتیدان و بەڕێوەبردن و جۆرەها زمانی ڕۆحی. 29ئایا هەموو نێردراون؟ هەموو پێغەمبەرن؟ هەموو فێرکارن؟ هەموو پەرجووکارن؟ 30هەموو بەهرەی چاککردنەوەیان هەیە؟ هەموو بە زمانەکان دەدوێن؟ هەموو لێک دەدەنەوە12‏:30 لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی زمانە ڕۆحییەکان.‏؟ 31بەڵام تامەزرۆی بەهرەی باشتر بن.

ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان دەدەم.