یەکەم کۆرنسۆس 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 11:1-34

1لاسایی من بکەنەوە هەروەک چۆن منیش لاسایی مەسیح دەکەمەوە.

نوێژکردن لە کۆبوونەوە

2جا ستایشتان دەکەم کە لە هەموو شتێکدا یادم دەکەن، ئەو دابونەریتانە دەپارێزن هەروەک پێمداون. 3بەڵام دەمەوێت بزانن کە سەری هەموو پیاوێک مەسیحە و سەری ژنیش پیاوە و سەری مەسیحیش خودایە. 4هەر پیاوێک بە سەری داپۆشراو نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات. 5هەر ژنێکیش بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات، چونکە ئەو و ژنێکی سەرتاشراو11‏:5 لە سەردەمی پۆڵس سەرتاشینی ئافرەتان بۆ ڕیسواکردنیان بوو.‏ هەمان شتن و یەکن. 6ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت، بەڵام ئەگەر بۆ ژن شورەیی بوو قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت.

7کەواتە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، کە وێنە و شکۆی خودایە. بەڵام ژن شکۆی پیاوە، 8چونکە پیاو لە ژن نەهاتووە، بەڵکو ژن لە پیاوە. 9پیاویش لە پێناوی ژن بەدی نەهێنراوە، بەڵکو ژن لە پێناوی پیاو. 10لەبەر ئەمە و لەبەر فریشتەکان، پێویستە ژن نیشانەی دەسەڵاتی بەسەر سەرییەوە هەبێت. 11لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاشایەتی مەسیحی خاوەن شکۆماندا ژن سەبارەت بە پیاو سەربەخۆ نییە و پیاویش سەبارەت بە ژن سەربەخۆ نییە، 12چونکە وەک ژن لە پیاوە، ئاواش پیاو بەهۆی ژن لەدایک دەبێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە.

13ئێوە حوکم بۆ خۆتان بدەن: ئایا دەشێت ژن بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بۆ خودا بکات؟ 14باشە سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو قژی درێژ بکات، 15بەڵام بۆ ژن شکۆمەندییە ئەگەر قژی درێژ بکات؟ چونکە لە جیاتی پۆشەر قژی دراوەتێ. 16بەڵام ئەگەر یەکێک حەزی لە ناکۆکییە، ئێمە و کڵێساکانی خوداش جگە لەمە نەریتێکی دیکەمان نییە.

سووکایەتیکردن بە کڵێسای خودا

17بەم ئامۆژگارییە ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی لە سوود زیاترە. 18پێش هەموو شتێک، دەبیستم کاتێک وەک کڵێسا کۆدەبنەوە دووبەرەکی لەنێوانتاندا هەیە و هەتا ڕادەیەکیش باوەڕ دەکەم. 19بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا ناکۆکی و دووبەرەکی هەبێت، تاکو ئەو باوەڕدارانەی کە جێی ڕەزامەندی خودان دەربکەون. 20بۆیە کاتێک کۆدەبنەوە، بۆ خواردنی شێوی مەسیحی خاوەن شکۆ نییە، 21چونکە هەریەکە زوو شێوی خۆی لە خواردندا دەبات، جا یەکێک برسی دەبێت، ئەوی دیکە سەرخۆش دەبێت. 22ئایا ماڵتان نییە تێیدا بخۆن و بخۆنەوە؟ یاخود کڵێسای خودا سووک دەکەن و ئەوانە تەریق دەکەنەوە کە هەژار و نەدارن؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا لەسەر ئەمە ستایشتان بکەم؟ بێگومان نەخێر!

شێوی مەسیح

23ئەوەی بە ئێوەم دا لە مەسیحی خاوەن شکۆم وەرگرتووە11‏:23 مەتا 26‏:26‏-29.‏: ئەوە بوو عیسای خاوەن شکۆ لەو شەوەی تێیدا بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت، 24سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەیە. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» 25بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من. هەر جارێک دەیخۆنەوە، ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» 26جا هەر کاتێک لەم نانەتان خوارد و لەم جامەتان خواردەوە، ئەوا مردنی عیسای خاوەن شکۆ ڕادەگەیەنن، هەتا دێتەوە.

27کەواتە ئەوەی بە شێوازێکی ناشایستە11‏:27 بەبێ ڕیزگرتن لە مەسیح.‏ نانەکە بخوات یان لە جامەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ بخواتەوە، ئەوا بەرامبەر بە جەستە و خوێنی مەسیحی خاوەن شکۆ تاوانبارە. 28با هەرکەسێک خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە، 29چونکە ئەوەی بخوات و بخواتەوە و ڕێز لە جەستەی مەسیح نەگرێت، ئەوا بۆ خۆی حوکم دەخوات و دەخواتەوە. 30لەبەر ئەمەیە زۆر نەخۆش و لاوازتان تێدایە، هەندێکیش نوستوون11‏:30 مەبەست لە مردنە.‏. 31بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین. 32بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.

33کەواتە ئەی خوشک و برایانم، کاتێک بۆ خواردن کۆدەبنەوە، چاوەڕێی یەکتری بکەن. 34ئەگەر یەکێک برسی بوو با لە ماڵەوە بخوات، نەوەک بۆ حوکمدان کۆببنەوە.

کاتێک هاتم بۆ لاتان، ڕێنمایی زیاتریشتان دەدەمێ.