یەکەم پەترۆس 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پەترۆس 2:1-25

بەردی زیندوو

1بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. 2وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، 3چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.

4ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، 5ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیاد دەنرێن، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، 6چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:

﴿ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،

گرنگترین بەردی بناغەی2‏:6 یان قولینچک.‏ هەڵبژێردراو و گرانبەها،

ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾2‏:6 ئیشایا 28‏:16.‏

7بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،

﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،

بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،﴾2‏:7 زەبوورەکان 118‏:22

8هەروەها:

﴿دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،

تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.﴾2‏:8 ئیشایا 8‏:14.‏

ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون، چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.

9بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان2‏:9 بڕوانە دەرچوون 19‏:5‏-6 و ئیشایا 43‏:20‏،21‏.‏، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی. 10پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرتووە.

11خۆشەویستان، ئێوە نامۆ و بێگانەن بەم جیهانە، هەر بۆیە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگن. 12با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خودا، ئەوانیش خودا شکۆدار بکەن.

ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران

13لەبەر مەسیحی باڵادەست، ملکەچی هەموو دامودەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، 14یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، 15چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانیی گێلەکان بێدەنگ بکەن. 16وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. 17ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن و ڕێز لە پاشا بگرن.

نموونەی ئازارەکانی مەسیح

18ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش، 19چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. 20بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. 21بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.

22﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو،

فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾2‏:22 ئیشایا 53‏:9.‏

23ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. 24ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.2‏:24 بڕوانە ئیشایا 53‏:5 25ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.