یەکەم پوختەی مێژوو 29 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پوختەی مێژوو 29:1-30

پیتاک بەخشین بۆ بنیادنانی پەرستگا

1پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە. 2منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە29‏:2 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو. بڕوانە دەرچوون 28‏:18‏.‏ و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی. 3لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم: 4سێ هەزار تالنت29‏:4 سێ هەزار تالنت: نزیکەی سەد تەن.‏ زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت29‏:4 حەوت هەزار تالنت: نزیکەی 240 تەن.‏ زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و 5هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»

6ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی. 7بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت29‏:7 پێنج هەزار تالنت: نزیکەی 170 تەن.‏ زێڕ و دە هەزار درهەمی29‏:7 دە هەزار درهەم: نزیکەی 84 کیلۆگرام، درهەم پارە و پولێکی فارسی بووە.‏ زێڕ، دە هەزار تالنت29‏:7 نزیکەی 345 تەن.‏ زیو، هەژدە هەزار تالنت29‏:7 نزیکەی 610 تەن.‏ بڕۆنز و سەد هەزار تالنت29‏:7 نزیکەی 3450 تەن.‏ ئاسنیان بەخشی. 8ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو. 9گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.

نوێژی داود

10داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی:

«ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان،

خودای ئیسرائیل، باوکمانی

لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

11ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا،

مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ،

چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە.

ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و

تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.

12دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن،

تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت.

هێز و توانا لە دەستی تۆدان

تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.

13ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و

ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.

14«بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە. 15ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین29‏:15 ئاوارەین: بڕوانە پەیدابوون 23‏:4‏.‏. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە. 16ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە. 17خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت. 18ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە. 19هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»

20پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.

دانپێدانانی پاشایەتی سلێمان

21پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل. 22جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە.

پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە. 23ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون. 24هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.

25یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.

مردنی داود

26داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، 27ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 28لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

29ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر، 30لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.