یەکەم پوختەی مێژوو 28 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پوختەی مێژوو 28:1-21

نەخشەی داود بۆ پەرستگا

1داود هەموو ڕابەرانی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە: سەرۆک هۆزەکان؛ فەرماندەی ئەو لەشکرانەی کە لە خزمەتی پاشا بوون، لەگەڵ فەرماندەی هەزاران و سەدان؛ ئەو کاربەدەستانەی کە لێپرسراوی ماڵوموڵک و ئاژەڵەکانی پاشا و کوڕەکانی بوون، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆشکی پاشا؛ پاڵەوانەکان و هەموو جەنگاوەرە دلێر و ئازاکان.

2داودی پاشا هەستایە سەر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئەی گەلی برام، من لە دڵمدا بوو ماڵێکی حەوانەوە بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان و بۆ تەختەپێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئامادە کرد. 3بەڵام خودا پێی فەرمووم: ”ماڵ بۆ ناوەکەم بنیاد مەنێ، چونکە تۆ پیاوی جەنگیت و خوێنت ڕشتووە.“

4«لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو ماڵی باوکم منی هەڵبژارد تاکو بۆ هەتاهەتایە ببمە پاشای ئیسرائیل، چونکە یەهودای وەک ڕابەر هەڵبژارد، لە هۆزی یەهوداش ماڵی باوکم، لە کوڕەکانی باوکیشم بە من خۆشحاڵ بوو بۆ ئەوەی بمکاتە پاشای هەموو ئیسرائیل. 5لەنێو هەموو ئەو کوڕانەم کە یەزدان پێی بەخشیوم، سلێمانی کوڕمی هەڵبژاردووە هەتا لەسەر تەختی پاشایەتی یەزدانی ئیسرائیل دابنیشێت. 6پێی فەرمووم: ”سلێمانی کوڕت ماڵەکەم و حەوشەکەم بۆ بنیاد دەنێت، چونکە ئەوم بە کوڕی خۆم هەڵبژاردووە و منیش دەبمە باوکی ئەو، 7ئەگەر بەردەوام بێت لە کارکردن بە فەرمان و حوکمەکانم، ئەوا پاشایەتییەکەی هەتاهەتایە جێگیر دەکەم.“

8«ئێستاش لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل کە کۆمەڵی یەزدانە و لەبەردەم خوداشمان، ڕاتاندەسپێرم: ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەم خاکە چاکە و هەتاهەتایە وەک میراتیش بۆ نەوەکانتان بیهێڵنەوە.

9«سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە. 10ئێستاش ببینە، چونکە یەزدان هەڵیبژاردوویت بۆ ئەوەی ماڵێک بۆ پیرۆزگاکە بنیاد بنێیت، جا بەهێزبە و کار بکە.»

11پاشان داود نەخشەی هەیوانەکەی پەرستگا و تەلار و گەنجینە و ژوورەکانی سەرەوەی و ناوەوەی و قەپاغی کەفارەتی28‏:11 قەپاغی کەفارەت لە زێڕی بێگەرد دروستکرابوو کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بوو. بڕوانە دەرچوون 25‏:17‏.‏ دایە سلێمانی کوڕی. 12نەخشەکانی هەموو ئەو شتانەش کە بەهۆی ڕۆحی خوداوە لە دڵیدا بوو، ئەوەی حەوشەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو ژوورەکانی دەوروبەری و گەنجینەکانی پەرستگای خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان. 13هەروەها ڕێنمایی پێدا لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان و هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان و هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. 14کێشی زێڕ و زیوی ئەو قاپوقاچاغە زێڕین و زیوینەی دیاری کرد کە لە خزمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنران: 15کێشی چرادانە زێڕینەکە و چراکانیشیان کە لە زێڕ بوو، کێشی زێڕ بۆ هەر چرادانێک و چراکانی؛ بۆ چرادانە زیوینەکانیش، کێشی زیو بۆ هەر چرادانێک و چراکانی، بەپێی جۆری خزمەتی هەر چرادانێک؛ 16کێشی زێڕ بۆ هەر مێزێکی نانی تەرخانکراو؛ کێشی زیویش بۆ مێزە زیوینەکان؛ 17کێشی زێڕی بێگەرد بۆ چەنگاڵ و تاس28‏:17 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏.‏ و دۆلکەکان؛ بۆ جامە زێڕینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک و بۆ جامە زیوینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک؛ 18کێشی زێڕی پوختەکراویش بۆ قوربانگای بخوورەکە. هەروەها نەخشەی گالیسکەی کەڕوبەکانی28‏:18 بڕوانە یەکەم پاشایان 6‏:3‏.‏ پێدا، کە باڵیان کردووەتەوە و سێبەریان بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان کردووە.

19داود گوتی: «هەموو ئەمانەم نووسیوەتەوە سروشی یەزدانە بۆ من، ڕوونکردنەوەکانی ئەم نەخشەیەش یەزدان تێیگەیاندم.»

20هەروەها داود بە سلێمانی کوڕی گوت: «بەهێزبە و ئازابە، کار بکە و مەترسە، ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگار، خودای من لەگەڵتدایە. ئەو وازت لێ ناهێنێت و بەجێت ناهێڵێت هەتا هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان تەواو دەکەیت. 21بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان بۆ هەموو خزمەتێکی پەرستگای خودا ئامادەن، هەموو وەستایەکی شارەزا و خۆبەخشت لەگەڵدایە بۆ هەموو کارێک، سەرکردەکان و هەموو گەلیش پەیڕەوی هەموو فەرمانێکی تۆ دەکەن.»