یەکەم پوختەی مێژوو 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پوختەی مێژوو 26:1-32

دەرگاوانەکان

1بەشی دەرگاوانەکان بریتی بوون لە بنەماڵەی قۆرەح:

لە قۆرەحییەکان:

مەشەلەمیای کوڕی قۆرێ لە نەوەی ئاساف. 2مەشەلەمیا چەند کوڕێکی هەبوو:

زەکەریا نۆبەرە و یەدیعێل دووەم و

زەڤەدیا سێیەم و یەسنیێل چوارەم و

3ئیلام پێنجەم و یەهۆحانان شەشەم

و ئەلیهۆعێینەی حەوتەم.

4عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕێکی هەبوو،

شەمەعیا نۆبەرە و یەهۆزاڤاد دووەم و

یۆئاح سێیەم و ساکار چوارەم و

نەتەنێل پێنجەم و 5عەمیێل شەشەم و

یەساخار حەوتەم و پەعولەتەی هەشتەم،

چونکە خودا عوبێد ئەدۆمی بەرەکەتدار کردبوو.

6شەمەعیای کوڕی عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕێکی هەبوو، کە ڕابەری بنەماڵەکەیان بوون، چونکە ئەوان پیاوی زۆر بە توانا بوون. 7کوڕەکانی شەمەعیا:

عۆسنی، ڕفائێل، عوبێد و ئەلزاڤاد؛

هەروەها ئەلیهو و سەمەکیاهوی خزمانی شەمەعیا لە پیاوانی بەهێز بوون.

8هەموو ئەمانە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون؛ خۆیان و کوڕەکانیان و کەسەکانیان پیاوانی بەهێز و بە توانا بوون لە خزمەتەکەیان، شەست و دوو کەس لە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون.

9مەشەلەمیا و کوڕ و کەسەکانی کە لە پیاوە بەهێزەکان بوون، هەژدە کەس بوون.

10حۆسا کە لە نەوەی مەراری بوو، چەند کوڕێکی هەبوو:

شیمری لەگەڵ ئەوەی نۆبەرەش نەبوو، بەڵام باوکی کردی بە پێشەنگی کوڕەکانی؛

11حیلقیا دووەم بوو و تەڤەلیاهو سێیەم

و زەکەریا چوارەم.

هەموو کوڕ و کەسەکانی حۆسا سێزدە کەس بوون.

12ئەم بەشی دەرگاوانانەش لەژێر سەرپەرشتی ڕابەرەکانیان ئەرکی خزمەتکردنیان لە پەرستگای یەزدان پێ سپێردرا، هەروەک کەسەکانیان. 13جا تیروپشک بۆ هەموو دەروازەکان کرا، بۆ پیران وەک گەنجان بەگوێرەی بنەماڵەکانیان بەبێ جیاوازی.

14تیروپشکی دەروازەی ڕۆژهەڵات بۆ شەلەمیاهو دەرچوو،

بۆ زەکەریای کوڕیشی کە ڕاوێژکارێکی وریا بوو، تیروپشک کرا و دەروازەی باکووری بۆ دەرچوو.

15تیروپشکی دەروازەی باشوور بۆ عوبێد ئەدۆم دەرچوو، تیروپشکی کۆگاکەش بۆ کوڕەکانی.

16بۆ تیروپشکی دەروازەی ڕۆژئاوا و دەروازەی شەلەخەت لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بەرەو ژوور دەبووەوە، بۆ شوپیم و حۆسا دەرچوو.

پاسەوان بەرامبەر بە پاسەوان بوو:

17ڕۆژانە شەش لە لێڤییەکان لەلای ڕۆژهەڵات

و چوار لەلای باکوور

و چوار لەلای باشوور بوون،

لەلای کۆگاکەش دوو دوو پاسەوانیێتییان دەکرد.

18بۆ ڕێڕەوە سەر داپۆشراوکەی لای ڕۆژئاوا کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، چوار لێڤی لەسەر ڕێگاکە و دووانیش لەناو ڕێڕەوەکە بوون.

19ئەمانە بەشی دەرگاوانەکان بوون، لە نەوەی قۆرەحییەکان و لە نەوەی مەراری.

خەزنەدار و کاربەدەستانی دیکە

20هەندێک لە لێڤییەکان لێپرسراوی گەنجینەکانی ماڵی خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون.

21یەحیێلی و کوڕەکانی گەورەی بنەماڵەکانی لەعدانی گێرشۆنی بوون. 22هەروەها یەحیێلی و کوڕەکانی، زێتام و یۆئێلی برای، لێپرسراوی گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان بوون.

23لەگەڵ ئەمانیش هەریەک لە بنەماڵەی عەمرامی، یەسهاری، حەبرۆنی و عوزیێلییەکان ئەرک و بەرپرسیاریێتی پێ سپێردرا:

24شوڤائێلی نەوەی گێرشۆمی کوڕی موسا لێپرسراوی گەنجینەکان بوو. 25کەسەکانی لە نەوەی ئەلیعەزەر: ڕەحەڤیا کوڕی ئەلیعەزەر، یەشەعیا کوڕی ڕەحەڤیا، یۆرامی کوڕی یەشەعیا، زکری کوڕی یۆرام و شەلۆمیتی کوڕی زکری.

26شەلۆمیت لەگەڵ کەسەکانی لێپرسراوی هەموو گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون کە داودی پاشا و گەورەی بنەماڵەکان، فەرماندەی هەزاران و سەدان و سەرکردەکانی سوپا تەرخانیان کردبوون. 27ئەوان بەشێک لە دەستکەوتەکانی جەنگیان بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدان تەرخان کرد. 28هەروەها هەموو ئەو شتانەی ساموئێلی پێشبینیکەر و شاولی کوڕی قیش و ئەبنێری کوڕی نێر و یۆئابی کوڕی چەرویا تەرخانیان کردبوون، لەگەڵ هەموو شتە تەرخانکراوەکانی دیکە، شەلۆمیت و کەسەکانی لێی بەرپرس بوون.

29لە یەسهارییەکانیش:

کەنەنیاهو و کوڕەکانی بۆ کارەکانی دەرەوەی پەرستگاکە، کوێخا و دادوەر بوون بەسەر ئیسرائیلەوە.

30لە حەبرۆنییەکان:

حەشەڤیا و کەسەکانی کە لە بەتواناکان بوون، هەزار و حەوت سەد کەس سەرپەرشتیاری ئیسرائیل بوون لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژئاوادا لە هەموو کارەکانی یەزدان و خزمەتەکانی پاشادا. 31لە حەبرۆنییەکانیش، یەرییاهو گەورەی بنەماڵەی حەبرۆنییەکان بوو بەپێی ڕەچەڵەکنامەیان.

لە چلەمین ساڵی پاشایەتی داود لێکۆڵینەوەیەک لە تۆمارەکانی کرا و بینییان پیاوانی بە توانا لەنێو حەبرۆنییەکانی دانیشتووانی یەعزێر لە ناوچەی گلعاد هەبوون. 32داودی پاشا دوو هەزار و حەوت سەد کەس لە برا و کەسەکانی یەرییاهو کە لە پیاوە بەهێزەکان و گەورەی بنەماڵەکان بوون، کردنی بە لێپرسراوی ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە لە هەموو کاروبارەکانی خودا و پاشا.