یەکەم پوختەی مێژوو 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پوختەی مێژوو 24:1-31

دابەشکردنی کاهینەکان بەسەر لقەکاندا

1ئەمانەش بەشەکانی نەوەی هارون بوون:

کوڕەکانی هارون، ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوون. 2ناداب و ئەبیهو پێش باوکیان مردن و کوڕیان نەبوو، لەبەر ئەوە ئەلعازار و ئیتامار بوون بە کاهین. 3بە یارمەتی سادۆق لە نەوەی ئەلعازار و ئەحیمەلەخ لە نەوەی ئیتامار، داود نەوەی هارونی بەپێی خشتەی خزمەتکردنەکانیان دابەش کرد. 4جا بینییان نەوەی ئەلعازار ژمارەی ڕابەرەکانیان زیاترە لە نەوەی ئیتامار، لەبەر ئەوە نەوەی ئەلعازاریان دابەش کرد بە شازدە گەورەی بنەماڵە و نەوەی ئیتاماریش بە هەشت گەورەی بنەماڵە. 5لەبەر ئەوەی لە هەردوو نەوەی ئەلعازار و ئیتاماریش کاربەدەستانی پیرۆزگا و کاربەدەستانی خودا هەبوون، بێ لایەن تیروپشکیان بۆ کرا و دابەشیان کردن.

6شەمەعیای کوڕی نەتەنێل لە نەوەی لێڤییەکان کە سەرقەڵەم بوو، بە ئامادەبوونی پاشا و کاربەدەستەکان، سادۆقی کاهین، ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار و گەورەی بنەماڵەکانی کاهین و لێڤییەکان، ناوەکانی ئەوانی بەم چەشنە نووسی: یەک بنەماڵە سەر بە ئیتامار لەدوای یەک سەر بە ئەلعازار.

7یەکەم تیروپشک بۆ یەهۆیاریڤ دەرچوو و

دووەم بۆ یەدایا و

8سێیەم بۆ حاریم و

چوارەم بۆ سەعۆریم و

9پێنجەم بۆ مەلکیا و

شەشەم بۆ میامین و

10حەوتەم بۆ هەقۆچ و

هەشتەم بۆ ئەبیا و

11نۆیەم بۆ یێشوع و

دەیەم بۆ شەخەنەیا و

12یازدەیەم بۆ ئەلیاشیڤ و

دوازدەیەم بۆ یاقیم و

13سێزدەیەم بۆ حوپا و

چواردەیەم بۆ یەشەڤەئاڤ و

14پازدەیەم بۆ بیلگا و

شازدەیەم بۆ ئیمێر و

15حەڤدەیەم بۆ حێزیر و

هەژدەیەم بۆ هەپیچێچ و

16نۆزدەیەم بۆ پەتەحیا و

بیستەم بۆ یەحەزقیێل و

17بیست و یەکەم بۆ یاکین و

بیست و دووەم بۆ گاموول و

18بیست و سێیەم بۆ دەلایا و

بیست و چوارەمیش بۆ مەعەزیاهو دەرچوو.

19کە هاتنە ناو پەرستگای یەزدان بەپێی ئەم خشتەیە خزمەتیان دەکرد بەگوێرەی ئەو ڕێسایانەی کە هارونی باپیرە گەورەیان بۆی دیاری کردن، بەپێی ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێی کردبوو.

پاشماوەی لێڤییەکان

20سەبارەت بەو نەوانەی لێڤی کە ماونەتەوە:

لە نەوەی عەمرام: شوڤائێل؛

لە نەوەی شوڤائێل: یەحدەیاهو.

21لە نەوەی ڕەحەڤیا: ییشیا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.

22لە یەسهارییەکان: شەلۆمۆت؛

لە نەوەی شەلۆمۆت: یەحەت.

23لە نەوەی حەبرۆن:

یەرییاهوی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەم.

24لە نەوەی عوزیێل: میخا و

لە نەوەی میخا: شامیر و

25ییشیای برای میخا؛ و

لە نەوەی ییشیا: زەکەریا.

26کوڕەکانی مەراری: مەحلی و موشی.

کوڕەکەی یەعزیا: بەنۆ.

27لە نەوەی مەراری:

لە یەعزیا: بەنۆ، شۆهەم، زەکور و عیڤری.

28لە مەحلی: ئەلعازار و ئەلعازاریش کوڕی نەبوو.

29لە قیش: یەرەحمێلی کوڕی قیش،

30هەروەها نەوەی موشی: مەحلی، عێدەر و یەریمۆت.

ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەپێی بنەماڵەکانیان.

31هەروەها ئەمانیش وەک براکانیان لە نەوەی هارون تیروپشکیان کرد، لەبەردەم داودی پاشا و سادۆق و ئەحیمەلەخ و گەورەی بنەماڵەکانی کاهین و لێڤییەکان، جیاوازی نەکرا لەنێوان بنەماڵەکانی برا گەورە و بنەماڵەکانی برا بچووکەکاندا، هەردوو وەک یەک.