یەکەم پوختەی مێژوو 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پوختەی مێژوو 22:1-19

1ئینجا داود گوتی: «ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە، هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»

ئامادەکاری بۆ پەرستگاکە

2ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون، هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا. 3داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد، بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد. 4هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات، چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.

5داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.

6پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. 7داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم. 8بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی. 9بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان22‏:9 ناوەکە لە زمانی عیبریدا شەلۆمۆ‏یە کە لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ئاشتی)ی عیبری نزیکە.‏ دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم. 10ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“

11«کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی. 12کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت. 13ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە.

14«من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت22‏:14 سەد هەزار تالنت: نزیکەی 3450 تەن.‏ زێڕ و ملیۆنێک تالنت22‏:14 ملیۆن تالنت: نزیکەی 34500 تەن.‏ زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت. 15کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک 16لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.»

17پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن: 18«ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟ ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟ دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە. 19ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن. هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»