یەکەم پوختەی مێژوو 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پوختەی مێژوو 15:1-29

هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم

1داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا. 2ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»

3داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو.

4هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.

5لە نەوەی قەهات،

ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.

6لە نەوەی مەراری،

عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.

7لە نەوەی گێرشۆن،

یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.

8لە نەوەی ئەلیچافان،

شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.

9لە نەوەی حەبرۆن،

ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.

10لە نەوەی عوزیێل،

عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.

11ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون. 12پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە، 13چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.» 14ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. 15نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.

16داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.

17لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو، 18لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.

19مۆسیقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا. 20زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت15‏:20 جۆرە ئاوازێکە، واتا بە دەنگی کیژۆڵەکان. بڕوانە زەبوورەکان 46.‏ دەژەند. 21مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت15‏:21 دەشێت زاراوەیەکی مۆسیقی بێت. بڕوانە زەبوورەکان 6.‏ دەژەند. 22کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.

23بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون. 24کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.

25داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە. 26کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی. 27داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو. 28هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.

29کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.