یەکەم پاشایان 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 9:1-28

دەرکەوتنی یەزدان بۆ سلێمان

1پاش ئەوەی سلێمان بنیادنانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی تەواو کرد کە پێی خۆشبوو، 2دووبارە یەزدان بۆ سلێمان دەرکەوتەوە، هەروەک چۆن لە گبعۆن بۆی دەرکەوت. 3جا یەزدان پێی فەرموو:

«گوێم لە نوێژ و پاڕانەوەکەت بوو کە لەبەردەمم پاڕایتەوە، ئەم پەرستگایەم پیرۆز کرد کە بنیادت ناوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە ناوەکەم لەوێ دابنێم، چاوەکانم و دڵیشم هەمیشە لەوێ دەبن.

4«تۆش ئەگەر بە دڵسۆزی و دڵپاکییەوە دۆستایەتیم بکەیت، وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت، 5ئەوا هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەت لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن بەڵێنم بە داودی باوکت دا و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەسەر تەختی ئیسرائیل.“

6«بەڵام ئەگەر ئێوە یاخود نەوەکانتان لێم هەڵگەڕێنەوە و چاوتان لە فەرز و فەرمانەکانم نەبوو کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن، 7ئەوا ئیسرائیل لەسەر ڕووی ئەو خاکەی پێم داون دەبڕمەوە و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم. ئیسرائیل لەنێو هەموو گەلان دەبێتە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی، 8ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و فیکە لێدەدات، دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“ 9ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاریان هێناوە، ئەوەی کە باوباپیرانیانی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە، کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»

کرداری دیکەی سلێمان

10لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا هەردوو تەلارەکەی بنیاد نا، پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا، 11سلێمانی پاشا بیست شارۆچکەی لە خاکی جەلیل بە حیرامی پاشای سور بەخشی، چونکە حیرام بەپێی پێویست داری ئورز و سنەوبەر و زێڕی بۆ سلێمان دابین کردبوو. 12بەڵام کاتێک حیرام لە سورەوە بۆ بینینی ئەو شارۆچکانە چوو کە سلێمان پێیدابوو، بە دڵی نەبوون. 13گوتی: «براکەم، ئەم شارۆچکانە چین کە تۆ بە منت داون؟» ئینجا ناوی لێنان خاکی کاڤول9‏:13 ناوی کاڤول نزیکە لە وشەیەکی عیبری کە واتا (بێ فەڕ).‏، هەتا ئەمڕۆش بەو ناوە ناودەبردرێت. 14حیرام سەد و بیست تالنت9‏:14 تالنت: نزیکەی 34 کیلۆگرامە. بڕوانە دەرچوون 25‏:39‏.‏ زێڕی بۆ پاشا ناردبوو.

15ئەو بێگارییانەی کە سلێمان پاشا بە خەڵکی کرد، ئەمانە بوون: بنیادنانی پەرستگای یەزدان، کۆشکی خۆی، تەلانەکان9‏:15 بەرازاییەکانیان لە شێوەی پایە ڕێکخستووە، بۆ پاڵپشتی کۆشکی پاشا سوودی لێ وەرگیراوە.‏، شوورای ئۆرشەلیم، حاچۆر، مەگیدۆ، هەروەها گەزەر. 16(فیرعەونی پاشای میسر پێشتر هێرشی کردبووە سەر گەزەر و داگیری کردبوو و سووتاندبووی. کەنعانییەکانی دانیشتووی شارەکەی کوشت و شارەکەی بە دیاری دایە کچەکەی خۆی، واتا ژنەکەی سلێمان. ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە.) 17ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە، هەروەها بێت‌حۆرۆنی خواروو و 18بەعەلات و تەدمۆری لە چۆڵەوانی لەناو خاکەکەدا ئاوەدان کردەوە، 19لەگەڵ هەموو کۆگاکانی9‏:19 چەند شارێکی دروستکردووە وەک مەڵبەندێکی ئەمبارکردن و دابینکردنی ئازووقە.‏ سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.

20هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، 21پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانیبوو بە تەواوی قڕیان بکەن9‏:21 قڕیان بکەن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏ سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە. 22بەڵام سلێمان کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و کاربەدەست، سەرکردە، فەرماندە، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون. 23ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانە بوون کە لەسەر کارەکانی سلێمان بوون، پێنج سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.

24پاش ئەوەی کچەکەی فیرعەون لە شاری داودەوە چووە کۆشکەکەی کە سلێمان بۆی بنیاد نابوو، دەستی بە دروستکردنی تەلان کرد.

25سلێمان ساڵانە سێ جار قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەردەخستە سەر ئەو قوربانگایەی بۆ یەزدانی بنیاد نا، بخووریشی لەگەڵ ئەوەدا دەسووتاند کە لەبەردەم یەزدان بوو، پەرستگاکەی تەواو کرد.

26هەروەها سلێمانی پاشا چەند کەشتییەکی لە عەچیۆن گەڤەر ئەوەی لە نزیک ئێلەتە لەسەر کەناری دەریای سوور9‏:26 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏ لە خاکی ئەدۆم دروستکرد. 27حیرامیش خزمەتکارەکانی خۆی کە کەشتیوان و شارەزای دەریا بوون ناردنییە ناو کەشتییەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا بن. 28ئیتر چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و بیست تالنت9‏:28 چوار سەد و بیست تالنت: نزیکەی 14,5 تەن.‏ زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.