یەکەم پاشایان 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 5:1-18

ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا

1کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو. 2سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:

3«تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە. 4بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ. 5لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“

6«ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»

7ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو و گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»

8ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی:

«ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان. 9خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»

10ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ. 11سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆر5‏:11 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 250‏3 تەن.‏ گەنم و بیست هەزار بەت5‏:11 بیست هەزار بەت: نزیکەی 440 هەزار لیتر.‏ زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام. 12یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.

13سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد. 14هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو. 15سلێمان حەفتا هەزار کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو. 16بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد. 17هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو. 18وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل5‏:18 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 ساڵ لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏ دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.