یەکەم پاشایان 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 3:1-28

داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە

1سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە. 2لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا3‏:2 مەبەست لە هەموو ئەو شوێنە بەرزانەیە کە گەل قوربانی لێ دەکرد، هەرچەندە ئەو شوێنە لەلایەن یەزدانەوە هەڵنەبژێردرابوو. بڕوانە دواوتار 12‏:5.‏ قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو. 3سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند.

4پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە. 5لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟»

6سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ.

7«ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. 8خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. 9ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

10ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد. 11ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو دانایی لە جێبەجێکردنی دادپەروەریدا، 12ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت. 13هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت. 14جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.» 15کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی3‏:15 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد.

بڕیاردانی دانا

16لەو کاتەدا دوو ژنی لەشفرۆش هاتنە لای پاشا و لەبەردەمی ڕاوەستان. 17یەکێک لە ژنەکان گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، من و ئەم ژنە لە یەک ماڵ دەژین و من لەو ماڵە منداڵم بوو. 18ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەمی لەدایکبوونی منداڵەکەم ئەم ژنەش منداڵێکی بوو، هەردووکمان بە تەنها بووین و لە ماڵەکە هیچ کەسێکی دیکەمان لەگەڵ نەبوو، تەنها هەردووکمان لە ماڵەکە بووین.

19«شەوێ کوڕەکەی ئەم ژنە مرد، لەبەر ئەوەی خۆی بەسەریدا دابوو. 20ئیتر لە نیوەی شەو هەستا و کوڕەکەی منی لەتەنیشتمەوە برد، کەنیزەکەشت نوستبوو. کوڕەکەی منی لە باوەشی کرد و کوڕە مردووەکەشی لە باوەشی من دانا. 21بۆ بەیانی کە لە خەو هەستام هەتا شیر بدەمە کوڕەکەم تەماشام کرد مردووە! بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە تەماشام کرد ئەوە ئەو کوڕە نییە کە من بوومە.»

22ژنەکەی دیکەیان گوتی: «نەخێر! زیندووەکە کوڕی منە و مردووەکەش هی تۆیە!»

ئەمەشیان دەیگوت: «نەخێر! مردووەکە هی تۆیە و زیندووەکە هی منە!» بەم شێوەیە لەبەردەم پاشا دەمەقاڵێیان کرد.

23پاشاش گوتی: «ئەمیان دەڵێت ”ئەمە کوڕەکەی منە زیندووە و کوڕەکەی تۆ مردووە،“ ئەویشیان دەڵێت ”نەخێر! کوڕەکەی تۆ مردووە و کوڕەکەی من زیندووە!“»

24پاشا گوتی: «شمشێرێکم بۆ بهێنن.» ئەوانیش شمشێرێکیان بۆ پاشا هێنا. 25پاشا گوتی: «منداڵە زیندووەکە بکەنە دوو بەش، نیوەی بدەنە یەکێکیان و نیوەکەی دیکەش بدەن ئەوی دیکەیان.»

26ئەو ژنەیان کە کوڕەکەی زیندوو بوو لەبەر ئەوەی هەناوی بۆ کوڕەکەی سووتا بە پاشای گوت: «تکایە، گەورەم، منداڵە زیندووەکەی بدەنێ و مەیکوژن!»

بەڵام ئەوی دیکەیان گوتی: «نە بۆ من دەبێت و نە بۆ تۆ، بیکەنە دوو بەش!»

27ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕە زیندووەکە بدەنە ژنی یەکەم و مەیکوژن، ئەو دایکییەتی.»

28کاتێک هەموو ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان بیستەوە کە پاشا دابووی، ترسیان لێ نیشت، چونکە بینییان دانایی خودایی تێدابوو بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری.