یەکەم پاشایان 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 22:1-53

پێشبینی میخایو سەبارەت بە ئەحاڤ

1سێ ساڵ تێپەڕی و جەنگ لەنێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نەدا. 2بەڵام لە ساڵی سێیەم، یەهۆشافاتی پاشای یەهودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل. 3پاشای ئیسرائیل بە کاربەدەستەکانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمەیە و ئێمەش بێدەنگین لەوەی لە دەست پاشای ئارامی وەربگرینەوە؟»

4لەبەر ئەوە پرسیاری لە یەهۆشافات کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ؟»

یەهۆشافاتیش وەڵامی پاشای ئیسرائیلی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» 5بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.»

6ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»

ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، پەروەردگار دەیداتە دەستی پاشا.»

7بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟»

8پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات، بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.»

یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.»

9لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!»

10لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو، هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو، لەسەر جۆخینەکەی22‏:10 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد. 11سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“»

12هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»

13ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.»

14بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی یەزدان پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»

15کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»

ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»

16پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟»

17ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“»

18پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟»

19میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لە دەوروبەری بوون و لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون. 20یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤ فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“

«یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە. 21ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“

22«یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“

«ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“

«یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“

23«ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی22‏:23 ڕۆحێکی شەیتانی بۆ هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤ.‏ خستووەتە ناو دەمی هەموو پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.»

24ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟»

25میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.»

26ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببە و بیگەڕێنەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا، 27بڵێ: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“»

28میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!»

کوژرانی ئەحاڤ لە ڕامۆتی گلعاد

29ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد. 30پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.

31پاشای ئارام فەرمانی بە سی و دوو فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.» 32کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «بە دڵنیاییەوە ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» لەبەر ئەوە گەڕانەوە تاکو شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام کاتێک یەهۆشافات هاواری کرد، 33سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا.

34پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پاشای ئیسرائیلی پێکا، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.» 35لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، ئێوارە مرد و خوێنی برینەکەی بۆ ناو بنی گالیسکەکە چۆڕایەوە. 36کاتێک خۆر لە ئاوابوون بوو، هاوارێک بەناو سوپاکەدا بڵاو بووەوە و گوتی: «هەر پیاوە و بۆ خاکەکەی و شارۆچکەکەی خۆی بگەڕێتەوە!»

37بەم شێوەیە پاشا مرد، هێنایانەوە سامیرە و لەوێ ناشتیان. 38گالیسکەکە لە گۆمەکەی سامیرە شوشترا، لەو شوێنەی لەشفرۆشان خۆیان لێ دەشوشت، سەگ خوێنەکەیان لێستەوە، هەروەک یەزدان فەرمووبووی.

39ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحاڤ و هەموو ئەوەی کردی و کۆشکە عاجەکەی کە بنیادی نا و هەموو ئەو شارانەی پتەوی کردن لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. 40ئەحاڤ لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی یەهۆشافات لە یەهودا

41لە چوارەمین ساڵی پاشایەتی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، یەهۆشافاتی کوڕی ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. 42یەهۆشافات لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو. 43لە هەموو شتێک ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی. بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل لە بەرزاییەکاندا قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. 44هەروەها یەهۆشافات لەگەڵ پاشای ئیسرائیل پەیمانی ئاشتی بەست.

45ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات و دەستکەوتەکانی کە هەبوو، کارە جەنگییەکانی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. 46پاشماوەی ئەو پیاوە لەشفرۆشانەش کە لە سەردەمی ئاسای باوکی مابوونەوە، لە خاکەکە ڕایماڵین. 47لەو کاتەدا لە ئەدۆم پاشا نەبوو، بەڵکو بریکارێکی پاشای یەهودا هەبوو.

48یەهۆشافات کەشتیی بازرگانی دروستکرد تاوەکو بچنە ئۆفیر بۆ هاوردەکردنی زێڕ، بەڵام کەشتییەکان نەچوون، چونکە لە عەچیۆن گەڤەر تێکشکان. 49لەو کاتەدا ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ بە یەهۆشافاتی گوت: «با خزمەتکارەکانیشم لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە کەشتییەکانی تۆ بڕۆن.» بەڵام یەهۆشافات ڕازی نەبوو.

50ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئەحەزیا لە ئیسرائیل

51لە حەڤدەیەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ لە سامیرە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 52لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، ڕێچکەی دایک و باوکی گرتەبەر، هەروەها ڕێگاکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 53بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی پەست کرد، هەروەک ئەوەی باوکی کردبووی.