یەکەم پاشایان 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 17:1-24

ڕاگەیاندنی وشکەساڵی لەلایەن ئەلیاسەوە

1ئەوە بوو ئەلیاسی17‏:1 ئەلیاس: لە زمانی عیبری بە واتای (یەزدان خودامە) دێت.‏ تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!»

2پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: 3«لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. 4لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.»

5ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. 6قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە.

بێوەژنی سەرەفەند

7پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو. 8ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: 9«هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.» 10ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.» 11کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»

12ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»

13ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە، 14چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»

15ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو. 16کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.

17دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا. 18ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟»

19ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست. 20هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟» 21ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!»

22یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە. 23ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!»

24ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.»