یەکەم پاشایان 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 15:1-34

پاشایەتی ئەبیا

1لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا. 2سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەبیشالۆم15‏:2 ئەبیشالۆم: جۆرێکە لە جۆرەکانی ناوی ئەبشالۆم، لێرە و لە ئایەتی 10.‏ بوو.

3بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی. 4بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت، 5چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت.

6بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. 7ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو. 8ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئاسا

9لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. 10چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەبیشالۆم بوو.

11ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، 12پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون. 13ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. 14هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. 15شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان.

16بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو. 17بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.

18ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەن‌هەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی: 19«با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»

20بەن‌هەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد. 21کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە. 22ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە.

23ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون. 24پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ناداب لە ئیسرائیل

25نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 26لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

27ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی. 28لە سێیەمین ساڵی فەرمانڕەوایی ئاسای پاشای یەهودا، بەعشا نادابی کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

29کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی. 30ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد.

31ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. 32بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.

پاشایەتی بەعشا

33لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. 34لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.