یەکەم پاشایان 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 13:1-34

هاتنی پیاوێکی خودا لە یەهوداوە

1ئەوە بوو پیاوێکی خودا بە فەرمایشتی یەزدان لە یەهوداوە هاتە بێت‌ئێل، یارۆڤعامیش لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو بۆ بخوور سووتاندن. 2پیاوەکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکە هاواری کرد و گوتی: «ئەی قوربانگا! ئەی قوربانگا! یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”کوڕێک لە نەوەی داود دەبێت، ناوی یۆشیایە، کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزاییت لەسەر سەردەبڕێت، ئەوانەی بخوورت لەسەر دەسووتێنن، ئێسکی مرۆڤیشت لەسەر دەسووتێنرێ.“» 3هەر لەو ڕۆژەشدا پیاوەکەی خودا نیشانەیەکی دا و گوتی: «ئەمەش ئەو نیشانەیە کە یەزدان فەرموویەتی، قوربانگاکە شەق دەبات و خۆڵەمێشەکەی سەریشی پەرشوبڵاو دەبێتەوە.»

4کاتێک یارۆڤعامی پاشا گوێی لە قسەی پیاوەکەی خودا بوو، کە لە بێت‌ئێل ڕووەو قوربانگاکە کردی، یارۆڤعام لە قوربانگاکەوە دەستی درێژکرد و گوتی: «بیگرن!» بەڵام ئەو دەستەی کە ڕووەو ئەو درێژی کرد وشک بوو، نەیتوانی بیکێشێتەوە. 5قوربانگاکەش شەقی برد و خۆڵەمێشەکەی سەری پەرشوبڵاو بووەوە، هەروەک ئەو نیشانەیەی پیاوەکەی خودا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ئاماژەی کرد.

6ئینجا پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «تکایە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت بپاڕێوە و لە پێناوی من نزا بکە هەتا دەستم چاک بێتەوە.» پیاوەکەی خوداش لە بەرامبەر یەزدان پاڕایەوە، دەستی پاشا وەک جاری جاران چاک بووەوە.

7پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە، پشوو بدە و پاداشتیشت دەدەمێ.»

8پیاوەکەی خوداش بە پاشای گوت: «ئەگەر نیوەی ماڵەکەشتم بدەیتێ، لەگەڵت نایەم، لەم شوێنە نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە، 9چونکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان بەم جۆرە فەرمانم پێکراوە: ”نە نان بخۆ و نە ئاو بخۆوە و نە بەو ڕێگایەشدا بگەڕێوە کە پێیدا چوویت.“» 10ئینجا بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت و بەو ڕێگایەدا نەگەڕایەوە کە پێیدا هاتە بێت‌ئێل.

11پێغەمبەرێکی پیر هەبوو لە بێت‌ئێل دەژیا، کوڕەکانی هاتن و هەموو ئەو کارەیان بۆ گێڕایەوە کە پیاوەکەی خودا لەو ڕۆژەدا لە بێت‌ئێل کردی، ئەو قسانەش کە بە پاشای گوتبوو، بۆ باوکیان گێڕایەوە. 12باوکیشیان لێی پرسین: «بە کام ڕێگادا ڕۆیشت؟» کوڕەکانی ئەو ڕێگایەیان پیشان دا کە پیاوەکەی خودا ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو پێیدا ڕۆیشتبوو. 13ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش گوێدرێژەکەیان بۆ کورتان کرد و سواری بوو. 14لەدوای پیاوەکەی خودا ڕۆیشت و دۆزییەوە لەژێر دار بەڕووێکدا دانیشتبوو، پێی گوت: «ئایا تۆ پیاوەکەی خودایت، ئەوەی لە یەهوداوە هاتووە؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ ئەوم.»

15پێی گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە و نان بخۆ.»

16پیاوەکەی خوداش گوتی: «ناتوانم لەگەڵت بگەڕێمەوە و لەگەڵت نایەمە ژوورەوە، لەم شوێنە لەگەڵت نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە، 17چونکە بە فەرمایشتی یەزدان پێم گوتراوە: ”لەوێدا نان مەخۆ و ئاو مەخۆوە و بەو ڕێگایەدا مەگەڕێوە کە پێیدا ڕۆیشتی.“»

18ئەویش پێی گوت: «هەروەها منیش وەک تۆ پێغەمبەرم و فریشتەیەک بە فەرمایشتی یەزدان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: ”لەگەڵ خۆتدا بیبە ماڵەکەت هەتا نان بخوات و ئاو بخواتەوە.“» بەمە درۆی لەگەڵ کرد. 19پیاوەکەی خوداش لەگەڵی گەڕایەوە و لە ماڵەکەی نانی خوارد و ئاوی خواردەوە.

20لە کاتێکدا کە لەسەر خوانەکە دانیشتبوون، ئەوە بوو فەرمایشتی یەزدان هات بۆ پێغەمبەرەکەی کە گەڕاندییەوە. 21بانگی پیاوەکەی خودای کرد، ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانت کرد و کارت بەو فەرمانە نەکرد کە یەزدانی پەروەردگارت پێی کردیت، 22گەڕایتەوە و نانت خوارد و ئاوت خواردەوە لەو شوێنەی کە پێت گوترا نان و ئاوی لێ مەخۆ، لەبەر ئەوە لاشەکەت ناچێتە ناو گۆڕی باوباپیرانت.“»

23پاش ئەوەی پیاوەکەی خودا خواردی و خواردیەوە، ئەو پێغەمبەرەی کە گەڕاندبوویەوە، گوێدرێژەکەی بۆ کورتان کرد. 24جا ڕۆیشت و لە ڕێگا شێرێکی لێ پەیدا بوو، کوشتی. لاشەکەی لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژ و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. 25لەو کاتەدا چەند پیاوێک تێپەڕین و بینییان لاشەکە لەسەر ڕێگاکە کەوتووە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستاوە، ئینجا چوون و ئەو هەواڵەیان لەو شارەدا بڵاوکردەوە کە پێغەمبەرە پیرەکە تێیدا دەژیا.

26کاتێک ئەو پێغەمبەرەی کە ئەوی گەڕاندەوە لەسەر ڕێگاکە بیستی، گوتی: «ئەوە پیاوەکەی خودایە کە سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانی کرد. یەزدانیش دایە دەستی شێر و پەلاماری دا و کوشتی، هەروەک یەزدان فەرمووی ئاوای بەسەرهات.»

27ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش کورتانیان کرد. 28چوو و لاشەکەی بینییەوە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژەکە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. شێرەکە لاشەکەی نەخواردبوو، پەلاماری گوێدرێژەکەشی نەدابوو. 29پێغەمبەرەکە لاشەی پیاوەکەی خودای هەڵگرت و خستییە سەر گوێدرێژەکە و بردییەوە، پێغەمبەرە پیرەکە هاتە ناو شارەکەوە هەتا بینێژێت و پرسەی بۆ بگرێت. 30ئینجا لاشەکەی خستە ناو گۆڕەکەی خۆی، شیوەنیان بۆ گێڕا و گوتیان: «ئای براکەم!»

31پاش ئەوەی کە ناشتیان، قسەی لەگەڵ کوڕەکانی کرد و گوتی: «کە مردم لەو گۆڕەدا بمنێژن کە پیاوەکەی خودای تێدا نێژرا، ئێسکەکانم لەتەنیشت ئێسکەکانی ئەو دابنێن، 32چونکە بە تەواوی ئەو پەیامە دێتە دی، کە بەپێی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکەی بێت‌ئێل و ڕووەو هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کردی، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سامیرەدان.»

33تەنانەت لەدوای ئەم ڕووداوەش، یارۆڤعام لە ڕێگا خراپەکەی پاشگەز نەبووەوە، بەڵکو دووبارە لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی، هەرکەسێک دەیویست ببێتە کاهین، ئەرکی پێ دەسپارد و دەبووە یەکێک لە کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزایی. 34ئەمە بووە گوناه بۆ بنەماڵەی یارۆڤعام، بووە هۆی وێرانبوون و لەناوچوونیان لەسەر ڕووی زەوی.