یەکەم پاشایان 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 11:1-43

ژنەکانی سلێمان

1سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان، 2لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو. 3حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە. 4ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو. 5ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی11‏:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 28‏:3.‏ خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت. 6سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت.

7لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی11‏:7 مەبەست لەو شوێنەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی ئەو دوو بتە بووە. بڕوانە سەفەنیا 1‏:5‏.‏ بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا. 8هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان.

9یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت. 10هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو. 11یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت، 12بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم، 13لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.»

دوژمنەکانی سلێمان

14ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو. 15کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت. 16یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد. 17بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن. 18ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا.

19هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی. 20خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون.

21هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.»

22فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟»

هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.»

23خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو. 24لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد. 25جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە.

یاخیبوونی یارۆڤعام لە دژی سلێمان

26هەروەها یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە خەڵکی چەرێدا بوو لە ئەفرایم، یەکێک بوو لە کاربەدەستەکانی سلێمان، لە پاشا یاخی بوو. دایکیشی بێوەژنێک بوو بە ناوی چەروعا.

27یاخیبوونەکەشی لە دژی پاشا بەم شێوەیە بوو: ئەوە بوو کە سلێمان تەلانەکەی دروستکرد و کەلێنەکانی شاری داودی باوکی چاککردەوە، 28بینی کە ئەم پیاوە پاڵەوان و بەهێزە، گەنجێکی کارامە و چالاکە، ئیتر یارۆڤعامی کرد بە سەرپەرشتیاری هەموو کاری بێگاری هۆزەکانی یوسف.

29ئەوە بوو کە یارۆڤعام لە ئۆرشەلیم دەهاتە دەرەوە، ئاحییای شیلۆنیی پێغەمبەر لە ڕێگادا تووشی بوو، کەوایەکی نوێی لەبەر بوو. بە تەنها هەردووکیان لە دەشتودەر بوون، 30ئاحییاش کەوا نوێیەکەی کە لەبەریدا بوو دایکەند و کردی بە دوازدە پارچەوە. 31بە یارۆڤعامی گوت: «دە پارچە بۆ خۆت ببە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان پارچەپارچە دەکەم و دە هۆز بە تۆ دەدەم. 32یەک هۆزیش بۆ ئەو دەبێت لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم ئەو شارەی کە هەڵمبژاردووە. 33ئەو کارە دەکەم، چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن.

34«”بەڵام هەموو پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان ناستێنمەوە، بەڵکو بە درێژایی ژیانی دەیکەمە پاشا، لەبەر داودی بەندەم ئەوەی کە هەڵمبژارد، ئەوەی فەرمان و فەرزەکانی منی بەجێهێنا. 35پاشایەتی لە دەست کوڕەکەی دەستێنمەوە و دە هۆزی دەدەم بە تۆ. 36یەک هۆزیش دەدەمە کوڕەکەی، تاوەکو هەمیشە بۆ داودی بەندەم وەک چرایەک بێت لەبەردەممدا لە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بۆ خۆمم هەڵبژارد هەتا ناوم لەوێدا دابنێم. 37تۆش دەبەم و فەرمانڕەوایەتی دەکەیت بەسەر هەموو ئەوەی دڵت ئارەزووی بکات و بەسەر ئیسرائیلدا دەبیت بە پاشا. 38ئەگەر بێت و گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بیت کە فەرمانت پێدەدەم و بە ڕێگاکانمدا بڕۆیت و ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەیت و فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، وەک چۆن داودی بەندەم کردی، ئەوا لەگەڵتدا دەبم و بنەماڵەیەکی چەسپاوت بۆ بنیاد دەنێم وەک چۆن بۆ داودم بنیاد نا و ئیسرائیلت دەدەمێ. 39نەوەی داودیش زەلیل دەکەم لەبەر ئەمە، بەڵام نەک بۆ هەتاهەتایە.“»

40سلێمان هەوڵی کوشتنی یارۆڤعامی دا، بەڵام یارۆڤعام هەستا و هەڵات بۆ میسر بۆ لای شیشەقی پاشای میسر و هەتا کاتی مردنی سلێمان لە میسردا مایەوە.

مردنی سلێمان

41ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان و هەموو ئەوەی کردی و داناییەکەی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی سلێمان تۆمار کراون. 42سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. 43پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.