یەکەم پاشایان 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پاشایان 10:1-29

سەردانی شاژنی شەبا بۆ لای سلێمان

1کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەیی بە یەزدانەوە بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. 2بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد. 3سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە. 4کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو، 5هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.

6بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە. 7بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم. 8خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن. 9ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»

10ئینجا سەد و بیست تالنت10‏:10 سەد و بیست تالنت: نزیکەی 4 تەن.‏ زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.

11هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی10‏:11 ئەلگوم جۆرە دارێکی بەهێزە لە لوبنان دەڕوێت، ڕەنگی سوور و بۆنخۆشە.‏ زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا. 12پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە.

13سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.

دانایی و دەوڵەمەندی سلێمان

14کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت10‏:14 شەش سەد و شەست و شەش تالنت: نزیکەی بیست و سێ تەن.‏ زێڕ بوو، 15جگە لە باجی سەر بازرگان و فرۆشیارەکان و پاشایانی عەرەب و فەرمانڕەوایانی خاکەکە.

16سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل10‏:16 نزیکەی 3,5 کیلۆگرام.‏ زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. 17سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ مەنا10‏:17 سێ مەنا: نزیکەی 1,7 کیلۆگرام.‏ زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.

18هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد. 19تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو، بەشی سەرەوەی پاڵپشتەکەشی شێوەی نیمچە خڕ بوو، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون. 20دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو. 21هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو. 22کەشتیگەلی10‏:22 عیبری: کەشتییەکانی تەرشیش واتا جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.‏ پاشا لەگەڵ کەشتییەکانی حیرام لە دەریا بوون، سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.

23سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی. 24هەموو خەڵکی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو. 25هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.

26سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان. 27هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. 28ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە10‏:28 قەڤێ: دەشێت کیلیکیا بێت. بڕوانە کردار 6‏:9‏ هتد.‏ هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن. 29گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل10‏:29 شەش سەد شاقل: نزیکەی 7 کیلۆگرام.‏ زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا10‏:29 سەد و پەنجا شاقل: نزیکەی 1,7 کیلۆگرام.‏ هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.