یەکەم ساموئێل 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم ساموئێل 26:1-25

بۆ جاری دووەم داود، شاول دەبەخشێت

1زیفییەکان هاتنە گیڤعا بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لە گردی حەکیلای بەرامبەر یەشیمۆن خۆی نەشاردووەتەوە؟»

2شاولیش هەستا و دابەزی بۆ چۆڵەوانی زیف و سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی ئیسرائیلیشی لەگەڵدا بوو، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی زیف بەدوای داود بگەڕێت. 3ئینجا شاول لە گردی حەکیلا کە بەرامبەر یەشیمۆنە لەسەر ڕێگاکە چادری هەڵدا، داودیش لە چۆڵەوانییەکەدا مایەوە. کاتێک بینی وا شاول بەدوایدا هاتووە بۆ چۆڵەوانی، 4داود چەند سووسەکەرێکی26‏:4 ‏کەسانێک کە لە لەشکری دوژمن دەڕوانن بۆ وەرگرتنی زانیاری.‏ نارد و بە دڵنیاییەوە زانی کە شاول هاتووە.

5ئینجا داود هەستا و چوو بۆ ئەو شوێنەی شاول چادری لێ هەڵداوە، داود سەیری ئەو شوێنەی کرد کە شاول و ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی تێیدا پاڵکەوتبوون. شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتبوو، سوپاکەش لە چواردەوریدا دامەزرابوون.

6ئینجا داود لە ئەحیمەلەخی حیتی و لە ئەبیشەیی کوڕی چەرویای برای یۆئابی پرسی: «کێ لەگەڵمدا دێتە خوارەوە، بۆ لای شاول بۆ ناو ئۆردوگاکە؟»

ئەبیشەیش گوتی: «من لەگەڵتدا دێمە خوارەوە.»

7ئیتر داود و ئەبیشەی بە شەو هاتن بۆ لای سوپاکە و بینییان شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتووە و نوستووە، ڕمەکەشی لەلای سەرییەوە لە زەوی چەقیبوو، ئەبنێر و سوپاکەش لە چواردەوریدا پاڵکەوتبوون.

8ئەبیشەی بە داودی گوت: «ئەمڕۆ خودا دوژمنەکەتی داوە بەدەستەوە، ئێستاش لێمگەڕێ با بە یەک ڕم لێدان بە زەویدا بیچەقێنم و لێی دووبارە ناکەمەوە.»

9بەڵام داود بە ئەبیشەی گوت: «لەناوی مەبە، چونکە کێ دەستی بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژکردووە و بێتاوان بووە؟» 10هەروەها داود گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، یان یەزدان خۆی لێی دەدات یان ڕۆژی دێت و دەمرێت، یانیش دەچێت بۆ جەنگ و تێیدا لەناودەچێت. 11لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. ئێستاش ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری بهێنە و با بڕۆین.»

12ئیتر داود ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری شاولی برد و ڕۆیشتن، کەس نەیبینی و نەیزانی و بەخەبەر نەهات. هەموویان نوستبوون، چونکە یەزدان ئەوانی خستبووە خەوێکی قووڵەوە.

13پاشان داود بۆ بەری ئەوبەر پەڕییەوە و لە دوورەوە لەسەر لووتکەی کێوێک وەستا، ماوەی نێوانیان زۆر بوو. 14ئینجا داود بانگی سوپاکە و ئەبنێری کوڕی نێری کرد و گوتی: «ئەبنێر وەڵام نادەیتەوە؟»

ئەبنێریش گوتی: «تۆ کێیت بانگی پاشا دەکەیت؟»

15داود بە ئەبنێری گوت: «ئایا تۆ پیاو نیت، کێ لە ئیسرائیلدا وەک تۆ وایە؟ ئەی بۆچی پاشای گەورەی خۆتت نەپاراست، چونکە یەکێک لە گەل هات بۆ ئەوەی پاشای گەورەت لەناو ببات. 16ئەوەی تۆ کردت باش نەبوو. بە یەزدانی زیندوو، ئێوە شایانی سزای مردنن، چونکە پارێزگاریتان لە گەورەکەتان نەکرد، لە دەستنیشانکراوی یەزدان. ئێستاش سەیر بکە، کوا ڕمەکەی پاشا و ئەو گۆزە ئاوەی کە لەلای سەرییەوە بوو؟»

17لێرەدا شاول دەنگی داودی ناسییەوە و گوتی: «داود، کوڕم، ئەوە دەنگی تۆیە؟»

داودیش گوتی: «گەورەم، پاشا، دەنگی منە.» 18ئینجا گوتی: «ئایا بۆچی گەورەم خزمەتکارەکەی ڕاو دەنێت، من چیم کردووە و چ خراپەیەکم هەیە؟ 19ئێستاش با پاشای گەورەم گوێ لە قسەی خزمەتکارەکەی بگرێت: ئەگەر یەزدان لە دژی من هانی داویت، با پێشکەشکراوم لێ وەربگرێت؛ بەڵام ئەگەر ئادەمیزادیش هانی داویت، با لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراو بن. ئەمڕۆ منیان لە هاتنە ناو ڕیزی بەشە میراتی یەزدان دەرکردووە، پێم دەڵێن: ”بڕۆ خودای دیکە بپەرستە.“ 20با خوێنم دوور لە ئامادەبوونی یەزدان نەکەوێتە سەر زەوی، چونکە پاشای ئیسرائیل بەدوای کێچێکدا هاتووەتە دەرەوە، وەک یەکێک لە چیاکاندا کەوێک ڕاو بکات.»

21شاولیش پێی گوت: «من گوناهم کرد، داود کوڕم، بگەڕێوە، ئیتر خراپەت لەگەڵ ناکەم، پاش ئەوەی ئەمڕۆ ژیانی من لەبەرچاوی تۆ بەهادار بوو، من گێلایەتیم کرد و زۆر گومڕا بووم.»

22داودیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەوە ڕمەکەی پاشایە، با یەکێک لە خزمەتکارەکان بپەڕێتەوە و بیبات. 23یەزدانیش پاداشتی هەر پیاوێک بەپێی ڕاستودروستی و دەستپاکییەکەی دەداتەوە، چونکە ئەمڕۆ یەزدان تۆی بەدەستمەوە دا، بەڵام نەمویست دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. 24وەک چۆن ئەمڕۆ ژیانت لەبەرچاوی من بەهادار بوو، با ژیانی منیش لەبەرچاوی یەزدان بەهادار بێت و لە هەموو تەنگانەیەک فریام بکەوێت.»

25ئینجا شاول بە داودی گوت: «داود کوڕم، تۆ بەرەکەتداریت، چونکە تۆ کاری گەورە دەکەیت و سەردەکەویت.»

دوای ئەوە داود ڕێگای خۆی گرتەبەر، شاولیش بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە.