یەکەم ساموئێل 25 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم ساموئێل 25:1-44

داود و نابال و ئەبیگایل

1ئەوە بوو ساموئێل مرد، هەموو ئیسرائیل کۆبوونەوە و شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕامە ناشتیان. دوای ئەوە داود هەستا و بەرەو چۆڵەوانی ماعۆن دابەزی.

2پیاوێک هەبوو لە ماعۆن موڵک و ماڵی لە کارمەل25‏:2 واتا کارمەل لە باشووری خاکی ئیسرائیل، نەک کێوی کارمەل کە لە باکوورە.‏ بوو. زۆر دەوڵەمەند بوو، سێ هەزار سەر مەڕ و هەزار سەر بزنی هەبوو، لە کارمەل دەیبڕینەوە. 3پیاوەکە ناوی نابال بوو، ئەبیگایلی ژنی تێگەیشتوو و ڕوخسار جوان بوو، بەڵام پیاوەکە کە لە خێڵی کالێبی بوو، دڵڕەق و بەد ڕەفتار بوو.

4داود لە چۆڵەوانییەوە بیستی کە نابال مەڕەکانی دەبڕێتەوە، 5دە خزمەتکاری نارد و پێی گوتن: «سەربکەون بۆ کارمەل و بڕۆن بۆ لای نابال و بە ناوی منەوە سڵاوی لێ بکەن، 6ئاوا بڵێن: ”تەمەن درێژ بیت، خۆت و خاووخێزانت سەلامەت بن و هەرچیت هەیە سەلامەت بێت!

7«”ئێستا بیستوومە کە لەلای ئێوە کاتی بڕینەوەی مەڕەکانە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی شوانەکانت لەگەڵ ئێمە لە کارمەل بوون ئازارمان نەدان و هیچیان لێ بزر نەبوو. 8لە خزمەتکارەکانی خۆت بپرسە و ئەوان پێت دەڵێن. لەبەر ئەوە با ئەو خزمەتکارانەم پەسەند بن لەلات. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکی چاکدا هاتووین، ئەوەی لە دەستت دێت بیدە خزمەتکارەکانت و داودی کوڕت.“»

9کاتێک خزمەتکارەکان هاتن و بە ناوی داودەوە تەواوی ئەم پەیامەیان بە نابال ڕاگەیاند، چاوەڕێیان کرد.

10نابالیش وەڵامی خزمەتکارەکانی داودی دایەوە و گوتی: «داود کێیە و کوڕی یەسا کێیە؟ لەم ڕۆژانەدا ئەو خزمەتکارانە زۆر بوون کە هەریەکە و لەبەردەم گەورەکەی هەڵدێت. 11ئایا نان و ئاو و ئەو ئاژەڵانەی سەرم بڕییوە بۆ ئەوانەی خوری مەڕەکانم دەبڕنەوە، بیبەم و بیدەمە خەڵکێک کە نازانم خەڵکی کوێن؟»

12جا خزمەتکارەکانی داود بە ڕێگاکەیاندا گەڕانەوە، هاتن و هەموو ئەو قسانەیان پێی ڕاگەیاند. 13داودیش بە پیاوەکانی گوت: «با هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی ببەستێت!» جا هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی بەست، داودیش شمشێرەکەی لە خۆی بەست. نزیکەی چوار سەد پیاو بەدوای داودەوە سەرکەوتن، دوو سەد کەسیش لەلای کەلوپەلەکان مانەوە.

14یەکێک لە خزمەتکارەکان بە ئەبیگایلی ژنی نابالی ڕاگەیاند و گوتی: «داود چەند نێردراوێکی لە چۆڵەوانییەوە نارد بۆ سڵاوکردن لە گەورەمان، بەڵام ئەو هاواری بەسەردا کردن. 15ئەو پیاوانەش چاکەی زۆریان بۆمان بووە و ئەزیەتیان نەداوین و بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە کێڵگە لەگەڵیاندا بووین هیچمان لێ بزر نەبووە. 16هەموو ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیان بووین و مەڕمان دەلەوەڕاند، شەو و ڕۆژ شوورای دەورمان بوون. 17ئێستاش بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە بۆ گەورەمان و بۆ ماڵەکەی کارەسات بەڕێوەیە، گەورەمان کابرایەکی بەدفەڕە و قسەی لەگەڵدا ناکرێت.»

18ئەبیگایلیش بە پەلە دوو سەد نان و دوو مەشکە شەراب و پێنج مەڕی کەوڵکراو و پێنج پێوانە25‏:18 پێنج پێوانە: عیبری: پێنج سەئا‏، نزیکەی 37 لیتر.‏ دانەوێڵەی برژاو و سەد هێشووە کشمیش و دوو سەد نانە هەنجیری برد و لە گوێدرێژەکانی بارکرد، 19بە خزمەتکارەکانی گوت: «لەپێشمەوە بڕۆن، منیش وا لە دواتانەوە دێم.» بەڵام بە نابالی مێردی نەگوت.

20کاتێک بە سواری گوێدرێژەکەی بە شیوەکەدا دەڕۆیشت، چاوی بە داود و پیاوەکانی کەوت کە بەرەو ڕووی دەهاتنە خوارەوە. 21داودیش قسەی دەکرد و دەیگوت: «بێ سوود هەموو شتەکانی ئەو پیاوەم لە چۆڵەوانیدا پاراست و لە هەموو ئەوەی هی ئەو بوو هیچ بزر نەبوو، کەچی لە جیاتی چاکە خراپەم دەداتەوە. 22با خودا توندترین سزای داود بدات، ئەگەر هەتا بەرەبەیان نێرینەم هێشتەوە لە هەموو ئەوەی هی ئەوە!»

23کاتێک ئەبیگایل داودی بینی، بە پەلە لە گوێدرێژەکە دابەزی و لەبەردەم داود لەسەر ڕوو کەوت، کڕنۆشی برد، 24خۆی فڕێدا بەرپێی و گوتی: «گەورەم، ئەم تاوانە با لەسەر من بێت، با کارەکەرەکەت پێت بڵێت و گوێ لە قسەکانی بگرە. 25تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن. 26ئێستاش گەورەم، بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، یەزدان کە ڕێگای لێ گرتوویت لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆت، ئێستا با دوژمنەکانت وەک نابالیان لێ بێت لەگەڵ هەموو ئەوانەی داوای خراپەت بۆ دەکەن. 27ئێستاش ئەم دیارییەی کارەکەرەکەت هێناویەتی بۆ گەورەم، با بدرێتە ئەو خزمەتکارانە کە لەدوای گەورەمەوە دەڕۆن.

28«هەروەها لە تاوانی کارەکەرەکەت خۆشبە، لەبەر ئەوە بێگومان یەزدان بنەماڵەیەکی چەسپاو بۆ گەورەکەم دروستدەکات، چونکە گەورەکەم لە پێناوی یەزدان دەجەنگێت. با بە درێژایی ژیانت خراپەت تێدا بەدی نەکرێت. 29ئەگەر پیاوێک ڕاست بێتەوە و ڕاوت بنێت و بیەوێ بتکوژێت، یەزدانی پەروەردگارت ژیانی گەورەم لەگەڵ چەپکی ژیان دەپێچێتەوە، ژیانی دوژمنانیشت لەناو لەپی بەردەقانییەوە تووڕ دەدرێن25‏:29 یان قۆچەقانییەوە بهاوێژرێت.‏. 30هەروەها کاتێک کە یەزدان هەموو ئەو چاکەیەی سەبارەت بە تۆ فەرموویەتی دەیکات، دەتکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، 31با ئەمە نەبێتە بارێکی گران و کۆسپ لەسەر دڵی گەورەم، کە بڵێن خوێنێکی بەخۆڕاییت ڕشتووە، هەروەها گەورەم بە دەستی خۆی تۆڵەی خۆی کردووەتەوە. جا کە یەزدان چاکەی لەگەڵ گەورەمدا کرد، کارەکەرەکەت لەبیر بێت.»

32داودیش بە ئەبیگایلی گوت: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ تۆی ناردووە بۆ پێشوازیکردنم. 33بەرەکەتدار بیت بۆ ئەو ژیرییەی کە هەتە، چونکە تۆ ئەمڕۆ منت گەڕاندەوە لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆم. 34بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەوەی نەیهێشت خراپەت لەگەڵ بکەم، ئەگەر بە پەلە بەپیرمەوە نەدەهاتیت، هەتا ڕووناکی بەرەبەیان نێرێکم بۆ نابال نەدەهێشتەوە.»

35ئینجا ئەوەی بۆی هێنابوو داود لە دەستی وەرگرت و پێی گوت: «بە سەلامەتی سەربکەوە بۆ ماڵەکەت و ببینە من گوێم لێ گرتیت و داواکارییەکەی تۆم بەجێهێنا.»

36پاشان ئەبیگایل هاتەوە لای نابال، بینی ئەوەتا لە ماڵەکەیدا خوان ئامادەکراوە وەک خوانی پاشا، نابال دڵخۆشە و زۆر سەرخۆش بووە. ئینجا هەتا ڕووناکی بەرەبەیان، نە کەم و نە زۆر هیچ شتێکی بۆ نەگێڕایەوە. 37ئەوە بوو بۆ بەیانی کاتێک سەرخۆشییەکە نابالی بەردا، ژنەکەی ئەو قسانەی بۆ گێڕایەوە، جا تووشی شۆک بوو، وەک بەردی لێ هات. 38ئیتر نزیکەی دوای دە ڕۆژ یەزدان لە نابالی دا و مرد.

39کاتێک داود بیستییەوە کە نابال مردووە، گوتی: «ستایش بۆ یەزدان کە لە کێشەکەم دادپەروەری بۆ کردم، لەو سووکایەتییەی لەلایەن نابالەوە پێم کرا، بەندەکەی لە خراپەکردن پاراست، یەزدان خراپەکەی نابالی بەسەر خۆیدا هێنایەوە.»

ئینجا داود ناردی و لەگەڵ ئەبیگایل قسەی کرد هەتا ببێتە ژنی. 40جا خزمەتکارەکانی داود هاتنە کارمەل بۆ لای ئەبیگایل و پێیان گوت: «داود ئێمەی بۆ لات ناردووە هەتا بتکاتە ژنی خۆی.»

41ئەویش هەستا و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ئەوەتا کارەکەرەکەت کەنیزەیە بۆ شوشتنی پێی خزمەتکارەکانی گەورەم.» 42بە پەلە هەستا و سواری گوێدرێژێک بوو، پێنج کچە کارەکەریش لەگەڵ پێیدا ڕۆیشتن و دوای نێردراوەکانی داود کەوت و بوو بە ژنی. 43هەروەها داود پێشتر ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی هێنابوو، جا هەردووکیان ژنی بوون. 44شاولیش میخەلی کچی کە ژنی داود بوو، دابوویە پەلتیێلی کوڕی لایش کە خەڵکی گەلیم بوو.